رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی عەلی زەیدی دەڵێت، دۆلاری کاش تەنیا 5٪ بۆ 10٪ی کۆی گشتیی خواست لەسەر دۆلار لە ساڵێکدا پێکدەهێنێت و ناردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نرخی دینار دەبێت.
ئەمڕۆ دوو یاریدەدەری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکییان راگەیاند، کاروانی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ بەغدا دەستی پێکردووەتەوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "ناردنی کاروانەکانی دۆلار بۆ عێراق دەستی پێکردووەتەوە و کێشەکە چارەسەر کراوە."
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی هیچ ژمارەیەکی فەرمی و ورد نییە دەربارەی بڕی "ئەو دۆلارانەی بە شێوەی کاش لە ئەمریکاوە بۆ عێراق دەنێردرێن،" چونکە پڕکردنەوەی پێداویستیی عێراق بە دۆلار لە رێگەی سیستمی بانکی و حەواڵەوە دەبێت کە بەستراوەتەوە بە بانکی فیدراڵی ئەمریکا و هەژمارەکانی بانکی ناوەندیی عێراقەوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، دۆلاری کاش 5% بۆ 10%ی کۆی خواستی ساڵانە لەسەر دۆلار پێکدەهێنێت، کە زۆرینەی بۆ حەواڵەی بانکی دەڕوات بۆ خەرجیی بازرگانیی دەرەکیی عێراق.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەم هەنگاوە لەسەر نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار، موزهر محەممەد گوتی، ئەمە پشت بە بوونی دۆلار لە بازاڕی فەرمی دا و کۆنترۆڵکردنی خواست لە بازاڕی هاوتەریبدا دەبەستێت. گوتیشی، زیادبوونی دۆلاری کاشی فەرمی، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر نرخی دینار لە بازاڕی هاوتەریب و ئاماژەیەکی ئەرێنیی سەقامگیری دەدات بە بازاڕ، بەو مەرجەی هۆکارە کاریگەرەکانی دیکەی سەر بازاڕ و نرخەکانی، وەک خۆیان بمێننەوە.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا گواستنەوەی پارەی نەختینەی دۆلاری بۆ عێراق راگرت و پارەی فرۆشی نەوتی عێراقیشی لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک هێشتەوە.
بەرپرسانی عێراقی لە مانگی نیساندا رایانگەیاندبوو، واشنتن هاوکاری و هاوئاهەنگییە داراییەکانی لەگەڵ دەزگە ئەمنییەکانی عێراقدا هەڵپەساردووە. بەرپرسێکی عێراقی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، ئەو سزایانەی سەر کەرتی ئەمنی و سەربازی هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و هەڵنەگیراون.
ئەم رێکارە لە کاتێکدا گیرانەبەر کە عێراق لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێدا بوو و ئەمریکاش هەوڵیدەدا رێگری لەو بەربژێرانە بکات کە وەک لایەنگری ئێران سەیر دەکران. واشنتن داوای لە بەغدا دەکرد کۆنتڕۆڵی تەواوی گرووپەکانی سەر بە ئێران بکات کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا دەجووڵێنەوە و هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا.



