رووداو دیجیتاڵ
هاوردەکردنی زێڕ بۆ عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی پار، نزیکەی 60% کەمی کردووە. دەزگای ناوەندیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی عێراق دەڵێ، لە پێنج مانگی ئەمساڵدا لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووک هیچ زێڕێک هاوردە نەکراوە.
ئەندزیار عەلی کەریم سەعید، بەڕێوەبەری بەشی خشڵ لە دەزگای ناوەندی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 2ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 31-05-2026، بڕی 10,247 کیلۆگرام زێڕ هاوردەی عێراق کراوە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی پار، بڕی زێڕی هاوردەکراو 25,472 کیلۆگرام بووە".
ئەوەش نیشانیدەدات هاوردەکردنی ئەو کانزا زەردە زیاتر لە 15 تۆن کەمیکردوە، کە دەکاتە نزیکەی 60٪.
بەڕێوەبەری بەشی خشڵ دیاترین هۆکارەکانی ئەو کەمبوونەوەی روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) لە دەروازە و فڕۆکەخانەکان، هۆکاری سەرەکی بووە کە چاودێرییەکی وردتر و رێکاری نوێی گومرگی بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکاندا سەپاندووە، پرۆسەکە پێویستی بەکاتە بۆ خۆگونجاندن. هەروەها زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانە هاوردە دەکرێ و لە ئەنجامی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، ماوەیەکی زۆر فڕۆکەخانەکان داخرابوو، جگە لەمەش ئامارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەشی خشڵ، "ئەو بڕە زێڕانەی لەو ماوەیەدا پشکنینیان بۆ کراوە، هیچ بڕە زێڕێکی ساختە دەستی بەسەردا نەگیراوە و هەموو ئەو زێڕەی هاتووەتە نێو وڵات، پشکنینی پێویستی بۆ کراوە".
بە بڕیاری حکومەتی عێراق، هاوردەکردنی زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە رێگەپێدراوە. دابەشبوونی بڕی زێڕی هاوردەکراو بەگوێرەی فڕۆکەخانەکان لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026 بەراورد بە ساڵی 2025 بەم شێوەیەیە:
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا:
- ساڵی 2026: 8,402 کیلۆگرام.
- ساڵی 2025: 18,362 کیلۆگرام.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف:
- ساڵی 2026: 200 کیلۆگرام.
- ساڵی 2025: 4,120 کیلۆگرام.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە:
- ساڵی 2026: 275 کیلۆگرام.
- ساڵی 2025: 2,883 کیلۆگرام.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک: لە ساڵی 2025ـدا، 882 گرام زێڕی لێوە هاوردە کراوە، بەڵام لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، هیچ بڕە زێڕێک لەو فڕۆکەخانەیەوە هاوردە نەکراوە.
رۆژی 23ی کانوونی دووەمی 2025 بەشی پشکنینی زێڕ لە فڕۆکەخانەی کەرکووک بە فەرمی کرایەوە وەک چوارەمین بەشی پشکنینی زێڕ لە عێراقدا. دوای لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە و نەجەف. زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە هەناردە دەکرێ. هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،"لە پێنج مانگی ئەمساڵ دا هیچ بڕە زێڕێک لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووک هاوردە نەکراوە".
سەرچاوەی سەرەکی هاوردەکردنی زێڕ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم ئیمارات و دواتر تورکیایە.



