رووداو دیجیتاڵ
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە کوێت لە مانگی حوزەیران دا بە شێوەیەکی کتوپڕ و بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت، کە رێگەی خۆشکرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە کەنداوەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کوێت لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووەتە 1.65 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا تەنیا 580 هەزار بەرمیل بووە.
ئەم بازدانە گەورەیە لە ئاستی بەرهەمهێناندا نیشانەیە بۆ ئەوەی جووڵەی نەوتی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بە خێرایی بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە پەکی کەوتبوو.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، لە 10 رۆژی کۆتایی مانگی حوزەیراندا، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی کوێت تەنانەت گەیشتووەتە 1.9 ملیۆن بەرمیل.
پێش دەستپێکردنی جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمز لە کۆتایی مانگی شوباتدا، کوێت رۆژانە نزیکەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا.
کۆمپانیای نەوتی کوێت لە 18ی حوزەیراندا رایگەیاندبوو ئەو بارودۆخە نائاساییانەی بەهۆی جەنگەوە دروست بوو، کۆتایی هاتووە.
لە نێو وڵاتانی کەنداودا، کوێت یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بەهۆی جەنگەکەوە زیانی زۆری بەرکەوت، چونکە بە پێچەوانەی سعودیە و ئیمارات کە دەتوانن رێگەی دیکە جگە لە تەنگەی هورمز بۆ هەناردەکردنی نەوت بەکاربهێنن، کوێت بە تەواوی پشت بەو تەنگەیە دەبەستێت. داخرانی هورمز ببووە هۆی ئەوەی کوێت بە تەواوی لە بازاڕە سەرەکییەکانی وەک ئاسیا داببڕێت.




