رووداو دیجیتاڵ
وەرزی پێگەیشتنی هەنجیر لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و بازاڕەکان پڕ دەبن لەم میوە بەتامە. ساڵانە نزیکەی 20 هەزار تۆن هەنجیری خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، کە زیاتر لە 91%ی پێداویستیی نێوخۆ پڕدەکاتەوە و حکومەتیش بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیاران، باجی لەسەر هاوردەکردنی هەنجیر داناوە.
لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان، پشکی سەرەکی لە بەرهەمی هەنجیری ئێران هەیە، بەگشتی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکەوە دەتوانێت ریزبەندیی سێیەم یان چوارەمی جیهان لە بەرهەمی هەنجیر بگرێت.
بەرهەمی هەنجیر لە کوردستان بەگشتی دەگاتە زیاتر لە 100 هەزار تۆن، بەمەش کوردستان پێکەوە دەتوانێت ریزبەندیی سێ یان چوارەمی جیهانی وەربگرێت.
رۆژهەڵاتی کوردستان 52 هەزار تۆن، باشووری کوردستان 20 هەزار تۆن، باکووری کوردستان نزیکەی 20 هەزار تۆن و رۆژئاوای کوردستانیش 4750 تۆن.
10 گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی هەنجیر لە جیهاندا بریتین لە: تورکیا 375 هەزار تۆن، میسر 187.9 هەزار تۆن، جەزائیر 112.3 هەزار تۆن، مەغریب 109.6 هەزار تۆن، ئێران 67.8 هەزار تۆن، ئیسپانیا 43.5 هەزار تۆن، سووریا 39.6 هەزار تۆن، ئۆزبەکستان 29.8 هەزار تۆن، ئەفغانستان 29.4 هەزار تۆن و سعودیە 28 هەزار تۆن.
ئەگەر کوردستان یەک پارچە و سەربەخۆ بووایە بێگومان دەبووە سێ یان چوارەمین وڵات لە جیهان بەڵام بەم حاڵەشەوە ئێستا رۆژهەڵاتی کوردستان لە ریزبەندیی پێنجەمە و باشووری کوردستان زۆری نەماوە ببێتە یەک لە 10 یەکەمینەکانی جیهان.
لە باشووری کوردستان زۆرترین بەرهەمی هەنجیر لە ئاکرێیە و دوای ئەوەیش لە تەقتەقە، بۆ یەکەمجار لە تەقتەق لە ساڵی 2022 فێستیڤاڵی هەنجیر سازکرا و هەنجیری ئاکرێش هەناردەی ئەمریک و ئەورووپا کراوە.
هەنجیر، لە قورئاندا ناوی هاتووە و خوای گەورە لەگەڵ زەیتوون سوێندی پێ خواردووە، هەردوو میوەکان لە کوردستاندا زۆرن، لە باشووری کوردستان بە چەندین ناو و جۆر ناسراوە، دیارترینیان بریتین لە: زەردە، ئاکرێی، ئەزمیری، کونجی دۆشاوی، میرانی، شینکە، شۆشی، رەیحانی، بەڕۆنە، تەوسکەی کێوی، یەحیا بەگی، شاکری، پایزە، بەگی، تەقتەق، بێناتی، بجیل، هەڵشۆ و مەرگە.
هەنجیر تەنیا وەک میوەی تازە خواستی لەسەر نییە، بەڵکو بە چەندین شێوازی جیاواز ئامادە دەکرێت، لەوانە:
1. هەنجیری وشککراو: بۆ شەوچەرە و وەرزی زستان بەکاردێت.
2. مرەبای هەنجیر: یەکێکە لە بەرهەمە باوەکانی هەنجیر.
3. خواردن لەگەڵ چەرەزات.
داری هەنجیر، جگە لە میوەکەی، گەڵا و شیرەکەشی (ئاوی سپی) سوودی زۆریان هەیە.
* گەڵای هەنجیر: کوڵێندراوی گەڵای هەنجیر بۆ چارەسەری هەوکردنی سییەکان، رێکخستنی سووڕی مانگانەی ژنان، دابەزاندنی چەوریی خوێن و بەهێزکردنی ئێسک بەسوودە.
* شیری هەنجیر: ئەو شیرە سپییەی لە کاتی لێکردنەوەی هەنجیر یان گەڵاکەی دەردەچێت، بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی پێست وەک ئەکزیما، سەدەف، زیپکە و لابردنی بالووکە بەکاردێت. هەروەها بۆ چارەسەری مایەسیری و گۆشتی زیادەی لووت سوودی لێ وەردەگیرێت.
* زەیتی هەنجیر: لە تۆوی هەنجیر دەردەهێندرێت و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E و ئۆمیگا 3. بۆ چارەسەری چرچییەکانی ژێر چاو و پەڵەی سەر پێست بەسوودە.
* میوەی هەنجیر: وزەبەخشە، ریخۆڵەکان نەرم دەکات، بۆ قەبزی بەسوودە، گوشاری خوێن رێکدەخات، سیستمی بەرگریی لەش بەهێز دەکات و یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە دەدات.
داری هەنجیر بە شێوەی پەل (قەڵەم) زیاد دەکرێت. وەرزی پێگەیشتن و لێکردنەوەی هەنجیر لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە دەستپێدەکات و تاوەکو سەرەتای مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.

