رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند کە داهاتی گومرگ لە مانگی رابردوودا زیاتر لە نیو تریلیۆن دینار بووە و بەراورد بەهەمان مانگى پار 103% زیادیکردووە.
چوارشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر زاری سامر قاسم داوود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگەوە ئەو داتایەی بڵاوکردەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگ، مانگی رابردوو داهاتی گومرگ 526 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا هەمان مانگی پار ئەو داهاتە 256 ملیار دینار بووە و 267
ملیار دینار زیادى کردووە، واتە بە رێژەی 103%.
سامر قاسم داوود رایگەیاند کە ئەو ئەنجامە لە زیادبوونى بڕی گومرگ، بەهۆی هەوڵەکانی بەهێزکردنی چاودێریی و پەرەپێدانی رێکارەکانی گومرگ و فراوانکردنی بە ئەلیکترۆنیکردنی بووە لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا .
یەکێک لە پاساوەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ کارکردن بە سیستمی ئەسیکۆدا، رێگرییە لە خۆدزینەوە لە گومرگ و دەربازکردنی کاڵایە بەشێوەی قاچاخ، بەبێ دانی رسوماتی گومرگەکەی.
بەگوێرەی راپۆرتی داهات و خەرجیی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بۆ هەشت مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، داهاتی نانەوتی 10.6 تریلیۆن دینار بووە کە گومرگ بەشێکی پێکدەهێنێت.




