رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەکی حکومییەوە دەستیکەوتووە، ئەو 500 ملیۆن دۆلارەی کە بڕیاربوو ئەمڕۆ لە ئەمریکاوە بگاتە عێراق، رێکارەکانی تەواوکراوە و سبەی دەگات.
رۆژی دووشەممە، 2ی تشرینی دووەمی 2026، زیا تائی، سەرۆکی سەندیکای نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق زانیارییەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "ئەگەر هەر گوژمەیەکی دۆلار لە ئەمریکاوە بگاتە عێراق، ئێمە وەکو سەندیکا یەکسەر ئاگادارکردنەوەمان پێدەگات."
دوێنێ محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە گوژمەیەکی دۆلار دەگاتە بانکی ناوەندی. بەڵام رووداو زانیویەتی کە ئەمڕۆ تەنیا رێکارەکان تەواوکراون.
زیا تائی گوتی: "سەرجەم رێکارەکانی ئامادەکردنی گوژمەیەکی 500 ملیۆن دۆلاری لە ئەمریکاوە تەواوکراون و سبەی دەگاتە بەغدا."
هاوکات، د. مەحموود داغر، راوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندی و گوتەبێژی بانکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەماوەیەکی کەمدا سێ گوژمەی 500 ملیۆن دۆلاری دەگەنە بانکی ناوەندی."
بەگوتەی گوتەبێژەکەی بانکی ناوەندی، ئامادەکارییەکان تەواوکراون و حەواڵەی تەواوەتیی سیستمی سویفتیان کراوە، وەکو ئامادەکارییەک بۆ وەرگرتنی گوژمە دۆلارەکان.
ئەو دۆلارەی کە لە ئەمریکاوە بۆ بەغدا دەنێردرێ، فرۆشی نەوتی عێراقە، پارەکەی دەچێتە بانکەکانی ئەمریکا، دواتر واشنتن رەوانەی بەغدای دەکات.



