رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ زیاتر دابەزی و دوور کەوتەوە لە بەرزترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی خۆی کە لە چەند رۆژی رابردوودا تۆماری کردبوو. لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ بە رێژەی 0.6% دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 4138 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ 4150 دۆلار دابەزی.
وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی بانکی ناوەندی ئەمریکا (فیدراڵ ریزێرڤ) دەکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری ورد دەربارەی ئاراستەی سیاسەتی نەختیی کێڤن وارش، سەرۆکی نوێی بانکەکە.
نیکۆلاس فراپێل، سەرۆکی جیهانیی بازاڕەکان لە کۆمپانیای (ABC Refinery) کە گەورترین پاڵاوگەی زێڕی ئوسترالیایە لەو بارەیەوە رایگەیاند: " گۆڕانکارییەکانی نرخی زێڕ هێشتا بەردەوامی جووڵەی هەفتەی رابردووە و بە جۆرێک نرخەکان لە دەوروبەری ئاستێکی پاڵپشتی، جێگیر بوون و مامەڵەیان پێوەدەکرێت."
ئەو شارەزایە دەڵێت: "بازرگانان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی کۆنووسی کۆبوونەوەی پێشووی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی ئاماژەی زیاتریان بۆ دەربکەوێت لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا"
کۆنووسی کۆبوونەوەی لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدراڵی (FOMC) کە لە 16-17ی حوزەیران ئەنجامدرا، رۆژی چوارشەممە بڵاودەکرێتەوە. یەکەم کۆبوونەوەی وارش وەک سەرۆک، ئەو ئاماژانەی تێدا لادرابوو کە باس لە جۆری دەستکاریکردنی رێژەی سوود دەکەن، بەو پاساوەی کە ئەم ئاماژانە دەبنە هۆی ئەوەی بانکی ناوەندی کەمتر چالاک بێت لە وەڵامدانەوەی پێشهاتە ئابوورییە نوێیەکان.
نرخی زێڕ زیاتر لە 25% لە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی پاشەکشەی کردووە کە لە سەرەتای ئەم ساڵدا تۆماری کردبوو، هۆکارەکەشی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێرانە کە نیگەرانییەکانی هەڵاوسانی زیاد کرد و وایکرد دۆلار بەهێز بێت و چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی سوود زیاد بکەن.
ئێستا بازرگانان بە رێژەی 56% ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی ئەیلوولدا دادەنێن، کە پێش بڵاوبوونەوەی داتاکان زیاتر لە 60% بوو.



