رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەی (هەژماری من) دوایین کات بۆ وەرگرتنی کارتە بانکییەکان لەلایەن مووچەخۆرانەوە دیاری دەکات و دەڵێ، دوای ئەو رێککەوتە وەرگرتنی مووچە بەدەست (کاش) کۆتایی دێت.
بەپێی راگەیێندراوی پڕۆژەی (هەژماری من)، دوایین وادە بۆ وەرگرتنی کارتە بانکییەکان لەلایەن فەرمانبەران و خانەنشینانەوە، رۆژی 31ـی 8ـی 2026ـە.
پڕۆژەکە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە مووچەخۆران سەردانی ئەو بانکانە بکەن کە مووچەیان لێ وەرگرتووە، چونکە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە بە شێوەی کاش نامێنێت.
چۆن دەزانی کارتەکەت ئامادەیە؟
پڕۆژەی (هەژماری من) رێگەی ئاگادارکردنەوەی مووچەخۆرانی روون کردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەدات، فەرمانبەران و خانەنشینان لە رێگەی کورتەنامە (SMS)، ڤایبەر، یان وەتسئەپەوە ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی سەردانی بانکێکی دیاریکراو بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لەو مووچەخۆرانە دەکات کە نامەی مۆبایلیان بۆ گەڕاوەتەوە، لە کاتی دیاریکراودا سەردانی بانکەکان بکەن بۆ ئەوەی لە وەرگرتنی مووچەکانیان دوانەکەون.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 862 هەزار و 168 مووچەخۆری کەرتی گشتی لە رێگەی (هەژماری من)ـەوە تۆمارکراون و کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، کە دەکاتە 96%ـی کۆی مووچەخۆران.
رێژەی تۆمارکردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
هەولێر: 99% بە ژمارەی 379,204 مووچەخۆر.
دهۆک: 99% بە ژمارەی 188,164 مووچەخۆر.
هەڵەبجە: 93% بە ژمارەی 15,886 مووچەخۆر.
سلێمانی: 92% بە ژمارەی 278,913 مووچەخۆر.
پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا، بە ئامانجی مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و رێکخستنەوەی سیستمی دارایی لە هەرێمی کوردستان.
.jpg&w=3840&q=75)


