رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، رۆژانە لە پاڵاوگەی بازیانەوە نزیکەی 35 تانکەری بەنزین بۆ کەرکووک دەنێردرێ.
هەڵۆ جەباری، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژانە لە پاڵاوگەی بازیانەوە 34-35 تانکەری بەنزین دەگەیێندرێتە کەرکووک، کە دەکاتە نزیکەی 1,200,000 لیتر."
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژانە لە پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەلاحەدینەوە 400,000 بۆ 450,000 لیتر بەنزین رەوانەی کەرکووک دەکرێ؛ هاوکات 108,000 لیتر بەنزینی (موحەسەن) لەلایەن کەرتی تایبەت لە کەرکووک بەرهەم دەهێندرێ، بەشێوەیەکی گشتی زیاتر لە 1,500,000 لیتر دەکات.
نوێنەرەکەی پارێزگای کەرکووک باسی لەوەش کرد، بەشێک لە بەنزینی کەرکووک رەوانەی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەلاحەدین و بەغدا دەکرێ.
هاوکات، عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"وەک بڕی پێویست و شایستەی خۆمان، دەبێت 2 ملیۆن و 200 لیتر رۆژانە بگاتە کەرکووک، بەڵام ئێمە تەنیا لەو دوو پاڵاوگەیە بەنزینمان بۆ دێت. لە پاڵاوگەی بازیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دێت، لە پاڵاوگەی بێجی نزیکەی 450 هەزار لیتر دەگات."
عەلی رەبیع گوتی، "قەیران کۆتایی نەهاتووە، ئەم دۆخە سێ مانگی دیکەی دەوێ تا دەگەڕێتەوە باری ئاسایی تاوەکو رێرەوی کەشتییە نەوتییەکان لە مین پاک دەکرێتەوە لە تەنگەی هورمز، ئەم قەیرانە بەردەوام دەبێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، بە پێی فەرمانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی پارێزگای دیالە ماوەی جارێک لە بەشی کەرکووک بەنزین دەنێردرێت بۆیان و بڕەکە جێگیر نییە.



.jpg&w=3840&q=75)