رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە ئەندامانی (ئۆپێک پڵەس) بە شێوەی ئۆنلاین کۆدەبنەوە. پێشبینی دەکرێت سعودیە، رووسیا و پێنج وڵاتی دیکەی ئەندام، پشکی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی ئەیلوول زیاد بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە دۆخی ناوچەکە سەقامگیر نییە و کاریگەریی لەسەر بازاڕی وزە دروستکردووە.
خۆرخی لیۆن، شرۆڤەکار لە ناوەندی (ریستاد ئێنێرجی) رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 188 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات. بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە، ئەمە دوایین زنجیرە دەبێت لەو زیادکردنانەی کە لە چەند مانگی رابردوودا بڕیاریان لێدراوە.
کێشەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن
جۆڤانی ستاونۆڤۆ، شرۆڤەکار لە بانکی (UBS) رایگەیاند، زۆربەی ئەندامانی ئۆپێک پڵەس ناتوانن ئەو بڕە نەوتە بەرهەم بهێنن، کە وەک ئامانج بۆیان دیاریکراوە. ئەوەش بەهۆی "داکەوتنی توانای بەرهەمهێنان" لەو وڵاتانەدا.
وڵاتانی کەنداو بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە لە هەناردەکردنی نەوتدا. هەروەها لە رووسیا، بەهۆی هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر ژێرخانی نەوتی ئەو وڵاتە، بەرهەمهێنان لە ئاستی 9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا ماوەتەوە، لەکاتێکدا ئامانجەکە 9.8 ملیۆن بەرمیل بووە.
کشانەوەی ئیمارات و داهاتووی پشکەکان
کشانەوەی ئیمارات لە گرووپەکە لە مانگی ئایاری رابردوودا، ئاستەنگی بۆ یەکگرتوویی ئۆپێک پڵەس دروستکردووە. ئەبووزەبی رایگەیاند کە ئەو هەنگاوە "لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئامانجە ستراتیژییەکانیاندایە"، چونکە ئیمارات وەبەرهێنانی گەورەی لە کەرتی نەوتدا کردووە و دەیەوێت بەرهەمهێنانی زیاد بکات، نەک پابەندی سنووردارکردنەکانی ئۆپێک بێت.
ئۆپێک پڵەس ئێستا لە پرۆسەی دیاریکردنی "بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی بەردەوام"دایە بۆ وڵاتانی ئەندام، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا گفتوگۆی زۆر قورس لەسەر دیاریکردنی پشکی نوێی وڵاتان دەستپێبکات.
رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی، لەوانەش رووسیا، رۆژی یەکشەممە 5-7-202 رێککەوتن ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی ئابدا بە بڕی 188,000 بەرمیلی دیکە لە رۆژێکدا زیاد بکەن، ئەمەش جگە لەو زیادکردنەی کە بۆ مانگەکانی حوزەیران و تەممووز دیاریکرابوو.



