رووداو دیجیتاڵ
بارانبارین پێگەیشتنی هەنجیری لە ئاکرێ دواخستووە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارۆچکەکە دەڵێت، "بەرهەمێکی باشیان دەبێت".
باخەوانانی سنووری ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک ئامادەکاری دەکەن، تاوەکو لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەم بەرهەمی ئەمساڵی هەنجیر بنێرنە بازاڕەکان.
رۆژی 1ـی ئابی 2026، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ لە یەکێک لە باخە هەنجیرەکانی شارۆچکەی ئاکرێوە میوانی بووڵتەنی ئابووری بوو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشیدەکات و رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە، بەراورد بە پار پێگەیشتنی هەنجیر کەمێک دواکەوتووە.
لە ئاکرێ 250 هەزار درەختی هەنجیر هەن، کە هەر درەختێکیان بە تێکڕای نزیکەی 30 کیلۆ هەنجیر دەگرن، بەرهەمی ئەمساڵی هەنجیری شارۆچکەکە بە 9 تۆن دەخەمڵێندرێت.
هەرچەندە بارانبارین پێگەیشتنی هەنجیری دواخستووە، بەڵام جووتیاران گەشبینن بەرهەمێکی جوانیان هەبێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی، "بەهۆی بارینی باران و بەفری زۆر، هەنجیری ئەمساڵمان پلە یەک دەبێت و کوالێتییەکەی زۆر باش دەبێت؛ چونکە بەشێک لە ڤایرۆس و نەخۆشییەکان بەهۆی بەفرەوە لەناودەچن."
ئاکرێ یەکێکە لەو ناوچانەی کە بەرهەمی هەنجیری بەنێوبانگە و ساڵانە چەندین جۆری جیاواز هەنجیری شارۆچکەکە دەخرێتە بازاڕەوە.
بەگوتەی فازڵ مستەفا لە هەنجیری زەرد هەریەک لە جۆرەکانی یەحیابەگی، شاکری و بێنارتی هەن، جگە لەوە هەنجیری رەش و سوورخان هەن.
تەسفیک جۆرێکی دەگمەنی هەنجیرە کە لە چیاکانی ئاکرێ هەیە. وەک فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ ئاماژەی بۆکرد، ئەو جۆرەی هەنجیر رەنگی رەش و زەردی هەیە، بەڵام بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی هەنجیر قەبارەی بچووکترە.
زیاتر لە 9 تۆن هەنجیری ساڵانە لە پێویستی نێوخۆیی ئاکرێ و دهۆک زیاترە، بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ جووتیاران لەگەڵ ناردنی بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕەکانی کوردستان بەشێکی بەرهەمەکەش بۆ بازاڕەکانی عێراق دەنێرن.
هەنجیر لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەناکرێت، سەبارەت بە هۆکارەکەی فازڵ مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بەرهەمێکی ناسکە و بەرگەی هەناردەکردن بۆ دەرەوەی کوردستان و عێراق ناگرێت.


