رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 02ـی ئابی 2026، نرخی میمکۆینی ترەمپ بە نزیکەی 1,5 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا سەرەتای راگەیاندنیدا نرخی هەر کۆینێک دەگەیشتە دەوروبەری 80 دۆلار.
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە (د. ترەیدەر ناسراوە) لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری ئابووریی رووداو شرۆڤەی سۆشیال میدیا و دراوەکەی ترەمپیان کرد.
د. محەممەد ئەمین رایگەیاند، بەراورد بە سەرەتا دراوەکە 97%ـی بەهاکەی لەدەستداوە و پێشبینی بەرزبوونەوەشی ناکرێت.
بە گوتەی د. ترەیدەر بەهۆی لەدەستدانی زۆرینەی بەهاکەی، کڕیاران هیچ قازانجێکیان لە دراوەکە نەکردووە.
دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەوەی شێوازێکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆدەربڕین تایبەت لە سۆشیال میدیاکەی بە ناوی ترووس سۆشیال، هاوکات بە کەسێکی "شەڕەنگێز" دەناسرێت.
د. محەممەد ئەمین پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان گوتی، "ئەوەی ئێستا دەبینرێت کە ترەمپ کەسێکی زۆر خۆشەویست نییە بەهۆی ئەو شێوازی تویتکردن و شەڕەوە بەهاکەی زۆر دابەزیوە".
باسی لەوەش کرد، ئەو دراوانە پارە نین و هیچ پڕۆژەیەکیان لە پشتەوە نییە.


