رووداو دیجیتاڵ
بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن 2 هەزار و 800 تمەن دابەزی و ئێستا یەک دۆلار بە 191 هەزار و 250 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە 24 کاژێری رابردوودا، بەرزترین نرخی دۆلار گەیشتووەتە 194 هەزار و 100 تمەن و نزمترین نرخیشی 189 هەزار و 350 تمەن بووە. ئامارەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە بەهای دۆلار بەراورد بە هەفتەی رابردوو 1.95٪ و بەراورد بە شەش مانگی رابردوو 23.63٪ بەرزبووەتەوە.
شرۆڤەکارانی بازاڕی دراوی تاران دەڵێن، ناجێگیریی بازاڕی دراو لە ئێران لەبەر ئەوەیە بازاڕ هێشتا بەتووندی لەژێر کاریگەریی هەواڵە سیاسییەکاندایە. ناڕوونی لە داهاتووی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان و بەردەوامیی مەترسییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، وایکردووە وەبەرهێنەران بکەونە دۆخی چاوەڕوانی و بازاڕ نەتوانێت ئاراستەیەکی روونی بەرزبوونەوە یان دابەزین بگرێتەبەر.
بەپێی ئەو شارەزایانە، ئەگەر هەواڵی ئەرێنی سەبارەت بە رێککەوتنە سیاسییەکان و کەمبوونەوەی گرژییەکان بڵاوببێتەوە، پێشبینیدەکرێت نرخی دۆلار زیاتر دابەزێت و نزیکبێتەوە لە ئاستی 180 هەزار تمەن.
بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکان زیادبکەن، خواستی هاووڵاتییان بۆ کڕینی دۆلار وەک پەناگەیەک زیاددەکات و ئەگەری هەیە نرخەکەی جارێکی دیکە بۆ 195 هەزار تمەن بەرزببێتەوە.



