رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی ژاپۆن پشتڕاستیکردەوە کە تۆکیۆ و واشنتن لە هەنگاوێکی دەگمەندا بە هاوبەشی دەستوەردانیان لە بازاڕی دراودا کردووە بۆ کڕینەوەی (یەن) و رێگریکردن لە دابەزینی زیاتری بەهای دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە کە گەیشتبووە نزمترین ئاستی 40 ساڵی رابردوو. وەزارەتی دارایی ژاپۆن دەڵێت دوودڵ نابن لە گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر ئەگەر پێویستبکات.
بڕیارە دەگمەنەکەی واشنتن بۆ هاوکاریکردنی ژاپۆن لە بەهێزکردنەوەی بەهای دراوی (یەن)، چەندین پرسیاری لای شرۆڤەکاران دروستکردووە. شارەزایان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ رزگارکردنی دراوە ژاپۆنییەکە نییە، بەڵکو ئامانج لێی پاراستنی بازاڕی قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا و سیستەمی دارایی ژاپۆنە.
حکومەتی تۆکیۆ بە وریاییەکی زۆرەوە چاودێریی دابەزینی بەهای دراوەکەی دەکات، کە لەم دواییانەدا نزمترین ئاستی لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی رابردوودا بەرامبەر دۆلار تۆمارکرد. بەهای یەن بۆ ماوەیەکی درێژ لە نزمترین ئاستەکانیدا مابووەوە و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گەیشتە 163.73 یەن بۆ هەر دۆلارێک، بەر لەوەی رۆژی هەینی بۆ 157.57 یەن بەرزببێتەوە.
ئەم دەستوەردانە هاوئاهەنگە، یەکەم کاری هاوبەشی ئەمریکا و ژاپۆنە بۆ کڕینەوەی یەن لە ساڵی 1998ـەوە. هەروەها یەکەم هەماهەنگییە لەو جۆرە لەدوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی 2011ـی ژاپۆن.
شارەزایانی دارایی دەڵێن، یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی واشنتن ئەوەبووە کە ژاپۆن ناچارنەبێت بڕێکی زۆر لە قەواڵە داراییەکانی حکومەتی ئەمریکا لە بازاڕەکاندا بفرۆشێت بۆ دابینکردنی پارەی دەستوەردانەکەی، چونکە ژاپۆن گەورەترین خاوەنی بیانیی قەرزەکانی حکومەتی ئەمریکایە.
لویس لو، سەرۆکی بەشی ئابووریی ئاسیا لە دامەزراوەی (Oxford Economics) پێیوایە ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەشداریکردنی ئەمریکا و دەڵێت، "شڵەژانی بازاڕەکان بەهۆی سیاسەتە داراییە تووندەکانی ژاپۆنەوە، دەکرێت کاریگەرییەکەی بگاتە بازاڕی قەواڵەکانی ئەمریکا و ببێتە هۆی ناسەقامگیربوونی دۆلار."



