رووداو دیجتاڵ
مانگی ئایاری ئەم ساڵ بەراورد بە مانگی پێش خۆی، بەهای یەدەگی زێڕی بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 600 ملیار دیناری کەمی کردووە. بە گوتەی راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هۆکارەکەی گۆڕانکاری بووە لە بەهاکەی و بڕی زێڕە یەدەگەکە وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە.
بەگوێرەی ئامارە مانگانییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، تاوەکو کۆتایی پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ کە 31ی ئایار بووە، بەهای زێڕی یەدەگی عێراق لەو بانکەدا 33 تریلیۆن و 295 ملیار دینار بووە.
ئەو بەهایە بەراورد بە 30ی نیسانی ئەم ساڵ 630 ملیار دینار کەمی کردووە، کە هەمان ئەو ماوەیە بوو ئاڵۆزیی لە دۆخی ناوچەکەدا هەبوو.
زێڕ یەکێکە لە شێوازەکانی یەدەگی بانکی ناوەندی، هاوشێوەی قەواڵە داراییەکان کە پێوەرێکی توانای دارایی بانکەکە پێشان دەدات.
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەدەگی زێڕ بەشێکە لە باڵانسی دارایی گشتیی بانکی ناوەندی و بەهاکەی بەگوێرەی نرخی زێڕ و بەهای دۆلار دەگۆڕێ. لە مانگی ئایاردا نرخی زێڕ دابەزیوە، بەو هۆیەوە بەهای یەدەگی زێڕی بانکی ناوەندیی عێراقیش کەمی کردووە، تەنانەت ئەگەر بڕی زێڕی یەدەگ وەک خۆیشی بمێنێتەوە."
لە کۆی 100 وڵات، عێراق لە ریزبەندیی 29یەمین وڵاتی جیهانە لە یەدەگی زێڕ، کە زیاتر لە 174 تۆن زێڕی یەدەگی هەیە.
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، لەنێوان ئادار و تەممووزی ئەم ساڵدا، نرخی زێڕ 8% بۆ 10% کەمیکردووە، کە پەیوەندیدار بووە بە چەند هۆکارێک، لەوانە بەهێزیی بەهای دۆلار و زیادبوونی داهاتی قەواڵە دارایییەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ى ئاب ، بەهای زێڕ لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.4٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 4,060 دۆلار.
سەرەڕای ئەم کەمبوونەوەیەی بەهای زێڕی یەدەگی عێراق لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا، بەراورد بە سێ ساڵ پێش ئێستا بەهاکەی زیاتر لە دوو ئەوەندە بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکەی بانکی ناوەندی، لە ساڵی 2023دا بەهای یەدەگی زێڕی عێراق 12.9 تریلیۆن بووە و بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 21 تریلیۆن دینار زیادی کردووە.




