رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە مامەڵەکانی رۆژی سێشەممەدا بە جێگیری مایەوە و کەمێک بەرزبووەوە، بە جۆرێک لە سەروو ئاستی 4,050 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەدەکرێت. وەبەرهێنەران لە نێوان گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مەترسییەکانی هەڵاوسان لە لایەک و چاوەڕوانیی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە، بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,057 دۆلار. هاوکات نرخی زێر لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بە رێژەی 0.6% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,113.67 دۆلار.
نرخی زێڕ لە ماوەی دواییدا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ماوەتەوە؛ وەبەرهێنەران لە لایەک نیگەرانی ناسەقامگیرییە جیۆپۆلیتیکییەکانن، لە لایەکی دیکەشەوە پێشبینی دەکەن بەرزبوونەوەی نرخی وزە ببێتە هۆی ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژتر سوودی بانکی بە بەرزی بهێڵێتەوە.
دوای دەستپێکردنەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتییەکان لە نزیک عومان، نرخی نەوتی برێنت لە مانگی تەممووزدا بە رێژەی زیاتر لە 20% بەرزبووەوە. ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسانی زیاتر کردووە، ئەمەش پاڵپشتی لەو بۆچوونە دەکات کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەردەوام بێت لە سیاسەتی تووندی نەختی.
لە رووی سیاسییەوە، ئاڵۆزییەکان بەردەوامن؛ ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ واشنتن لە ئارادا نییە، ئەمەش پێچەوانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ بوو کە باسی لە نزیکبوونەوەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان دەکرد.
بازاڕەکان ئێستا چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەک ئاماری گرنگی بازاڕی کاری ئەمریکا دەکەن، لەوانەش راپۆرتی (ADP) بۆ کەرتی تایبەت و ئامارەکانی هەینی (Nonfarm Payrolls)، بۆ ئەوەی بزانن ئایا بانکی ناوەندی پێویستی بە بەرزکردنەوەی دووبارەی سوودی بانکی دەبێت لەم ساڵدا یاخود نا.
تۆنی سیکامۆر، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( IG ) لەو بارەیەوە دەڵێت: "زێڕ هێشتا لە نێوان 4,000 بۆ 4,200 دۆلاردا ماوەتەوە کە نزیکەی مانگێکە لەو مەودایەدا دەسووڕێتەوە."
بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە، پێویستە زێڕ ئاستی بەرگریی 4,080 دۆلار ببڕێت و دواتر بگاتە لووتکەی 4,202 دۆلار بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات کە شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوە دەستیپێکردووە. ئەگەر ئەوە رووبدات، رەنگە نرخەکەی بەرەو 4,490 دۆلار هەڵکشێت، بەڵام تاوەکو ئەو کاتە، هێشتا ئەگەری دابەزین بۆ ئاستی 3,942 دۆلار لە ئارادایە.


