رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا کەمێک بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژی پێشووتردا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەش بۆ نیگەرانییەکان لەبارەی پەککەوتنی گواستنەوەی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا ئاسۆکانی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە دوور دەبینرێن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 62 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 84.39 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژی پێشووتردا بەهۆی دابەزینی بە رێژەی 7%، نزمترین ئاستی سێ هەفتەی رابردووی تۆمارکردبوو.
هاوکات، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 61 سەنت یان بە رێژەی 0.7% بەرزبووەوە و گەیشتە 80.95 دۆلار، دوای ئەوەی لە رۆژی دووشەممەدا بە رێژەی 5% دابەزیبوو.
نرخەکانی نەوت سەرەتا دوای ئەوە دابەزین کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێرشە نوێیەکانی بۆ سەر ئێران رادەگرێت تاوەکو ئەنجامی گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و یەکلاکردنەوەی پرسی کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز دەردەکەون. تەنگەی هورمز رێڕەوێکی سەرەکییە کە بەرهەمهێنەرانی نەوتی کەنداو بە بازاڕە جیهانییەکان دەبەستێتەوە و پێش دەستپێکردنی گرژییەکان، نزیکەی 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی.
رۆژی دووشەممە، ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لێدوانەکانی ترەمپی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ واشنتن لە ئارادا نییە و هیچ کۆبوونەوەیەکیش ئەنجام نادرێت.
تیم واتێرەر، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (KCM Trade) دەڵێت: "هەرچەندە بەهۆی لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی راگرتنی هێرشەکان و گەڕانەوە بۆ دانوستاندن، گوشارەکان لەسەر نرخی نەوت کەمێک خاوبوونەتەوە، بەڵام دۆخەکە هێشتا جێگیر نییە. ئەگەر مووشەکباران دەستپێبکاتەوە یان تانکەرەکان لە تەنگەی هورمز بکرێنە ئامانج، نرخەکان دەستبەجێ بەرزدەبنەوە."
لەلایەکی دیکەوە، ناکۆکییەکان لەسەر تەنگەی هورمز وەک خاڵێکی سەرەکی ململانێکان ماونەتەوە. واشنتن دەڵێت بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیران دەبێت ئێران گەرووەکە بکاتەوە، بەڵام تاران جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو رێڕەوەدا هەیە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی (بارکلیز)، لە هەفتەی کۆتایی تەممووزدا، هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمە پاڵێوراوەکان لە تەنگەی هورمزەوە رۆژانە گەیشتووەتە 4.2 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا لە هەفتەی پێشووتردا 3.2 ملیۆن بەرمیل بووە.
لە دەریای سووریش، داتاکان پێشانی دەدەن کە شەش تانکەری گەورەی سعوودی لە کەنداوی عەدەنەوە رێڕۆی خۆیان بەرەو باشووری ئەفریقا گۆڕیوە، لە کاتێکدا دوو تانکەری دیکەی سعوودی بە تەنگەی بابولمەندەب-دا تێپەڕیون. هەروەها جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز لە نێوان ئێران و عومان، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، خاو بووەتەوە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رۆژی سێشەممە رایگەیاند، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە رووداوێک لە دووری 20 میل لە کەناراوەکانی عومان، کە تێیدا کەشتییەکی بارهەڵگر رایگەیاندووە لەلایەن "تەنێکی نەناسراو"ـەوە پێکراوە.
واتێرەر ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە جەنگی نێوان سعوودیە و حوسییەکان هەناردەی وزەی بەتەواوی رانەگرتووە، بەڵام بووەتە هۆی درێژبوونەوەی کاتی گەشتەکان، زیادبوونی تێچووی دڵنیایی (بیمە) و گۆڕینی رێڕەوی کەشتییەکان؛ ئەمەش وای کردووە نرخی نەوت بە بەرزی بمێنێتەوە.


