رووداو دیجیتاڵ گرووپی فڕۆکەوانیی لوفتهانزای ئەڵمانی رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنیی فڕۆکەوە، قازانجەکانیان لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. رۆژی سێشەممە 04-08-2026 کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئەگەر کاریگەرییە کاتییەکان هەژمار نەکرێن، قازانجی سەرەکییان نزیکەی 56٪ دابەزیوە بۆ 383 ملیۆن یۆرۆ (440 ملیۆن دۆلار)، ئەمەش لە کاتێکدایە، فرۆشی کۆمپانیاکە لە سێ مانگی کۆتایی مانگی حوزەیراندا 10٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 11.1 ملیار یۆرۆ. گرووپەکە کە سەرپەرشتیی هێڵە ئاسمانییەکانی (سویس، بڕۆکسل، یۆرۆوینگز و لوفتهانزا) دەکات روونیکردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووەتە هۆی زیادبوونی تێچووەکانیان بە بڕی نزیکەی 750 ملیۆن یۆرۆ. تیل سترایخەرت، بەرپرسی دارایی لوفتهانزا رایگەیاند: "چارەکی دووەم بە بەرزیی ئاستی تێچووی سووتەمەنی و زیادبوونی ناسەقامگیریی جیۆسیاسی جیادەکرێتەوە." هەروەها گوتیشی: "دڵنیایین لەوەی جێبەجێکردنی بەردەوامی ستراتیژییەکەمان، رێکخستنی تێچوو، باشترکردنی تۆڕەکانمان و بەردەوامیی خواستی زۆر، بەشێکی بەرچاو لە زیادبوونی تێچووەکان قەرەبوو دەکەنەوە." لوفتهانزا دوایین هێڵی ئاسمانییە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە زیانمەند دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی بەردەوامیی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دابینکردنی بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان لە تەنگەی هورمزەوە رووبەڕووی گرفت بووەتەوە. رۆژی هەینیی رابردوو، کۆمپانیای (IAG)ـی خاوەنی هێڵی ئاسمانیی بەریتانی (British Airways) رایگەیاند، پوختەی قازانجیان زیاتر لە یەک لەسەر سێ دابەزیوە. هەروەها مانگی رابردوو هەریەک لە هێڵە ئاسمانییەکانی (ئێیەر فرانس-کەی ئێڵ ئێم، ئیزی جێت، ئەمریکان ئێیەرلاینز و رایانئێیەر) دابەزینی زۆری قازانجەکانیان بەهۆی جەنگەوە راگەیاند. لە کۆتاییدا لوفتهانزا پێشبینییەکانی خۆی بۆ ئەم ساڵ هەموار کردەوە و رایگەیاند، پێشبینی دەکەن قازانجی سەرەکییان لە ساڵی 2026دا لە نێوان 1.7 بۆ 2.2 ملیار یۆرۆ بێت، لە کاتێکدا پێشتر پێشبینییان دەکرد قازانجەکەیان "زۆر زیاتر" بێت لە ئاماری پار کە 1.96 ملیار یۆرۆ بوو.