رووداو - دیجیتاڵ
بەهۆی رێگری لە هەناردەکردنی مریشکی پەلەوەرخانەکان بۆ پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین، خاوەن پەلەوەرخانەکانی گەرمیان لەبەردەم بینای دادگەی کەلار گردبوونەوە و داوای کارئاسانی دەکەن.
ئارام عەبدوڵڵا، یەکێک لە خاوەن پەلەوەرخانە بە رووداوی راگەیاند: "لە پەلەوەرەخانە نرخی یەک کیلۆ مریشک بە 2400 دینارە، بەڵام بەهۆی ئەو رێگرییانەی لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانمان دەکرێت، زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە و وا بڕوات ناگەینەوە دەستمایەی خۆمان؛ بۆیە داوا دەکەین دادگە رۆڵی هەبێت لە کارئاسانی بۆ خاوەن کێڵگەکان تاوەکو زیانی زیاترمان بەرنەکەوێت."
ئەو خاوەن پەلەوەرخانە ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە نرخی مریشک لە لەپەلەورخانە هەرزانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی چاودێریی وردی بازاڕ ناکرێت، نرخەکەی بۆ کڕیار بە بەرزی ماوەتەوە و گران بووە.
خاوەن پەلەوەرخانەکان داوا دەکەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگەیان پێ بدەن بەرهەمەکانیان بگەیێننە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان تێچوو و فرۆشتنی بەرهەمەکانیاندا دروست بێت.


