رووداو دیجیتاڵ
داهاتەکانی عێراق بۆ زیاتر لە نیوەی خەرجییەکانی کەم بووەتەوە، بەگوێرەی یەدەگی بانکی ناوەندی، کە 102 تریلیۆن دینارە، ئەگەر ئەم دۆخەی ئێستا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، یەدەگەکە بەشی 12 مانگی خەرجییەکانی عێراق دەکات.
هەناردەی نەوتی عێراق لە دوایین مانگدا (تەممووز) 42 ملیۆن بەرمیل بووە، کە بەهاکەی بە نزیکەی پێنج تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا داهاتی نانەوتی لە ماوەی دوای جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیاتر لە 660 ملیار دینار بووە.
خەرجیی مانگانەی عێراق بە مووچە و خەرجیی بەکارخستن، دەگاتە 10.8 تریلیۆن دینار، بەو پێیەش داهاتی نەوتی و نانەوتیی ئێستای عێراق بەشی نیوەی خەرجییەکانی دەکات.
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، پەنا بۆ یەدەگی بانکی ناوەندی براوە؛ لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا (کۆتایی کانوونی دووەم تاوەکو 16ی تەممووزی ئەم ساڵ، 29.4 تریلیۆن دینار لە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق کەمی کردووە (لە 131.89 تریلیۆن دینارەوە دابەزیوە بۆ 102.5 تریلیۆن دینار) بەشێکی زۆری ئەم کەمبوونەوەیە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی پارەی خەرجی بووە.
عەلی ناجی، بەڕێوەبەری روانگەی ئیکۆ عێراق، کە تایبەتە بە پرسە ئابوورییەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەدەگی بانکی ناوەندی لە بنەڕەتدا بۆ مووچە و خەرجیی بەکارخستن نییە، بەڵکو کاری بنەڕەتیی پشتگیریکردنی سەقامگیریی بەهای دینار و پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکییە."
بەگوێرەی ئاماری خەرجی و داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڵاوی کردووەتەوە، تێکڕای خەرجییەکانیان 46.6 تریلیۆن دینار بووە، لەو بڕە خەرجیی بەکارخستن 45 تریلیۆن دینار بووە، کە دەکاتە 96.5%ی کۆی خەرجییەکان.
ئەگەر دۆخی دارایی بەو شێوازەی ئێستا بێت بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت و داهاتی نانەوتی، ئەو 102 تریلیۆن دینارەی یەدەگی بانکی ناوەندی، تەنیا بەشی پڕکردنەوەی نیوەی کورتهێنانی ساڵێک دەکات.
عەلی ناجی گوتی: "ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە پەنا بۆ یەدەگی بانکی ناوەندی دەبرێت، ئەو یەدەگە بەشی ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک دەکات، بەڵام ئەوە داخورانی یەدەگە و گوشار دەخاتە سەر دینار و ئەوە چارەسەرێکی ئابووریی بەردەوام نییە."
بەڕێوەبەری روانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، ئەگەر یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق کەم ببێتەوە بۆ 30 ملیار دۆلار (نزیکەی 45 تریلیۆن دینار)، بەپێی پێوەرەکانی بانکی ناوەندی، نزیک دەبێتەوە لە مایەپووچبوون.



