رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای یۆرۆوینگز (Eurowings) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان تاوەکو 7ی ئابی 2026 راگیران. ئەم کۆمپانیایە ئاشکرایشی کرد کە لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 900 گەشتی ئاسمانییان لە نێوان 5 شاری ئەڵمانیا و هەولێردا ئەنجام داوە.
فلۆریان گرانزدۆرفەر، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای یۆرۆوینگز (کە بەرپرسە لە رێخکستنی گەشتەکان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا) بە کەهی مەحموود، هەواڵسازی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاربوو گەشتەکان لە مانگی ئایارەوە دەستپێبکەن، بەڵام بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە دواخراون.
بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی یۆرۆوینگز گوتی، "لە 1ی تەممووزەوە گەشتەکانمان بۆ هەولێر دەستیان پێ کردەوە، بەڵام تەنیا تاوەکو 15ی تەممووز توانیمان بەردەوام بین. دوای هەڵسەنگاندنەوەی بارودۆخی عێراق و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشی ئەمنیی گرووپی لوفتھانزا، بڕیارمان دا گەشتەکانمان بۆ هەولێر تاوەکو 7ی ئاب رابگرین."
زیاتر لە 900 گەشت لە ماوەی 3 ساڵدا
یۆرۆوینگز ئاماژەی بەوە کرد، پاراستنی کارمەندان و گەشتیاران لە پێشینەی کارەکانیاندایە. گرانزدۆرفەر جەختی کردەوە کە بەردەوام چاودێریی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە دەکەن تاوەکو سەلامەتی بگەیێننە لووتکە. "گەشتیارەکان لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان ئاگادار کراونەتەوە و شێوازی قەرەبووکردنەوەیان بۆ پێشنیاز کراوە."
ئەم کۆمپانیایە گەشتەکانی لە نێوان شارەکانی (دوسڵدۆرف، شتوتگارت، هامبورگ، هانۆڤەر و بەرلین) بۆ شاری هەولێر ئەنجام دەدا. بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، گەشتەکانیان بۆ هەریەک لە شارەکانی دووبەی، ئەبووزەبی و عەممانی پایتەختی ئوردن لە مانگی ئاداری رابردووەوە راگیراون.
هۆکاری ئەم بڕیارانە بۆ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە لە 28ی شوباتی ئەم ساڵدا هەڵگیرسا و تێیدا سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان.


