رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوت و گازی نەرویجی (DNO) لە راگەیێندراوی دارایی چارهکی دووەمی ساڵی 2026دا، جگە تۆمارکردنی ریکۆردی نوێ لە داهاتەکانی بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان لە دەریای باکوور، لەبارەی بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بە قۆناخ دەست بە بەرهەمهێنان دەکەینەوە."
دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور
بەپێی راگەیێندراوەکەی DNO، لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026 و وەکو رێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی ئاسایش، کۆمپانیاکە تەواوی چالاکییەکانی بەرهەمهێنان و هەڵکۆڵینی لە مۆڵەتی تاوکێ (کە خاوەنداریێتی %75ی پشکەکانی دەکات) راگرت، ئەوەش بەهۆی مەترسی هێرش بۆ سەر کۆمپانیاکە لەو کێڵگەیەی کاری تێدا دەکات.
لە 9ی نیساندا کۆمپانیاکە بەشێک لە چالاکییەکانی مەیدانی دەستپێکردەوە، لەوانەش چاکسازی لە بیرە کۆنەکان و دەستپێکردنەوەی هەڵکۆڵینی 8 بیری نوێ. بەرهەمهێنان لە کێڵگەی تاوکێ لە 28ـی حوزەیران و لە کێڵگەی پێشخابوور لە 11ی تەمووز دەستی پێکردەوە. کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنان بۆ ئاستی پێش راگرتنەکە بگەڕێنیتەوە و جێگیر بێت، بەو مەرجەی ئاستەنگی ئاسایشی نەیەتە پێش.
ئامارەکانی بەرهەمهێنان و نرخەکانی فرۆشتن
بەپێی راپۆرتەکە تێکڕای پشکی بەرهەمهێنانی DNO لە هەرێمی کوردستان لە چارهکی دووەمی 2026دا دابەزیوە بۆ 273 بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا لە چارهکی یەکەمدا 39 هەزار و 600 بەرمیل بووە، ئەمەش بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنان لە زۆربەی رۆژەکانی مانگی نیسان و ئایار و حوزەیران 2026دا.
کۆمپانیای دی ئین ئۆ ئاماژە بەوەدەکات ئێستا نەوت لە بازاڕی ناوخۆدا بە نرخێک دهفرۆشێت کە لە نێوان ($35–$39) دۆلاردایە بۆ هەر بەرمیلێک.
پێشنیازی کڕینی کۆمپانیای جێنێڵ ئینێرجی (Genel Energy)
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەڵێت بۆ کارەکانی لە هەرێمی کوردستان، دی ئێن ئۆ لە 7ی ئابی 2026 پێشنیازێکی راگەیاند بۆ کڕینی تەواوی پشکەکانی کۆمپانیای "Genel Energy plc" کە هاوبەشییەتی لە مۆڵەتی تاوکێ (بە %25ی پشکەکان).
دی ئێن ئۆ نرخی 69 پێنس بۆ هەر پشکێک دیاریکردووە، کە بە رێژەی %38 بەرزترە لە نرخی داخرانی پشکەکانی گەنەل ئینرجی لە 6ـی ئابدا. بەپێی یاساکانی بەریتانیا، دی ئێن ئۆ تاوەکو 4ی ئەیلوولی 2026 مۆڵەتی هەیە بۆ راگەیاندنی بڕیاری کۆتایی.
بێژەن موسەوەر رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دی ئێن ئۆ، لەبارەی کارکردنیان لەو دۆخەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئێمە بە خۆشحاڵییەوە ئامادەین کەمێک لە ناسەقامگیری بازاڕ بگۆڕینەوە بە جێگیریی زیاتری نرخ و باشتربوونی ئاسایش لە کوردستاندا."
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کۆمپانیاکە بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی و دۆزینەوەی مەرجی بازرگانی گونجاو بۆ هەناردەکردنی داهاتوو لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیا (ITP).



