رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە هەفتەیەک لەمەوبەر، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانیی کواڵیتی بەرز لە بەنزینخانەکانی هەولێر زیاتر لە 50 دیناری دیکە دابەزی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرز لە بەنزینخانەکانی هەولێر هەزار و 250 بۆ هەزار و 295 دینارە، لە کاتێکدا پێنجشەممەی رابردوو 22-10-2026 بە هەزار و 350 دینار بوو.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرزی کۆمپانیای کار بە هەزار و 120 دینارە بە کۆ، پێنجشەممەی رابردوو هەزار و 250 دینار بوو بە کۆ".
سەرباز کەریم گوتی، لە هەولێر بەنزینی نۆرماڵی بێجیش نرخی دابەزیوە و بە کۆ لیتری بە 980 دینارە.
سەرەتای ئەم مانگە لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بە نزیکەی هەزار و 500 دینار بوو.
بەنزینی موحەسەن و سووپەر نرخیان بە بەرزی ماوەتەوە، کە لە هەزار و 900 دینارەوە بۆ 2,500 دینارە. سەرباز کەریم دەڵێت: "ئەو دوو جۆرەی بەنزین لە بازاڕدا کەمە و نرخی دانەبەزیوە، هاوکات ئەو مادانەی بەنزینەکەیان پێ دروست دەکرێت هاوردە دەکرێت و کەمە. جگە لەوەش دابەزینی بەهای دیناریش هۆکار بووە".
لە سلێمانی نرخی بەنزین چەند مانگێکە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ هەزار و 150 دینار، موحەسەن هەزار و 750 دینار و سووپەر بە هەزار و 900 دینارە.
جگە لە بەنزینی بازرگانی، رۆژانە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت، کە لیترێک بە 750 دینارە.
نرخی بەنزینی بازرگانی لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکە لە نرخی هەولێر و نرخی بەنزینیش لە هەڵەبجە نزیکە لە نرخی بەنزین لە سلێمانی.
.webp&w=3840&q=75)

