رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا هەردوولا لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەرێگەی خاکی سووریاوە رێککەوتن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەنێوان شاندی هەردوو وڵاتدا کرد". زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "گەلی عێراق و سووریا یەک گەلن لە دوو وڵاتدا و پێویستە هاوکارییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان بگەنە بەرزترین ئاست".
بەپێی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی زەیدی، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بووە لە رێگەی بۆریی "بانیاس"ـەوە بە توانای دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
هەروەها هەردوولا رێککەوتن لەسەر زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ بۆ گەیشتن بە تەواوکاریی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری سووریا باسیان لە هاوئاهەنگیی ئەمنی و یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد، بە ئامانجی جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. ئەحمەد شەرعیش ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا دەربڕی.
بۆریی نەوتی کەرکووک - بانیاس، کە عێراق و سووریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، یەکێکە لە رێڕەوە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی نەوت بۆ دەریای نێوەڕاست، بەڵام بۆ چەندین دەیە بەهۆی جەنگەوە پەکیکەوتووە.
.webp&w=3840&q=75)

