رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ، رۆژی سێشەممە، لە نزیک ئاستی 4,400 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک جێگیر بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە داتاکانی ئابووریی ئەمریکا بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی چاوەڕوانییەکان بۆ تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختینەیی لەلایەن بانکی ناوەندیی فیدراڵییەوە، هاوکات گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش پاڵپشتیی لە بەرزبوونەوەی داواکاری بۆ کانزای زەرد کردووە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە مامەڵە هەنووکەییەکاندا گەیشتە 4434 دۆلار. لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا گەیشتە 4486 دۆلار.
دوای تۆمارکردنی ئەم نرخە، زێڕ بەشێکی قازانجەکانی لەدەستدا و بۆ ئاستەکانی 4391 دۆلار دابەزی.
لە بازاڕەکانی نێوخۆشدا نرخی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 9 بە 407 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 12 بە 543 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 14 بە 633 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 814 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 950 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 995 هەزار دینارە.
بەرزبوونەوەی ئەمدواییانەی نرخی زێڕ لەکاتێکدایە کە داتاکانی تایبەت بە ئابووریی ئەمریکا وایانکردووە چاوەڕوانییەکان بۆ زیادکردنی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی فیدراڵییەوە کەم ببنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای IG دەڵێت: "دوای داتا نەرمەکانی ئابووریی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەستیپێکردووە، چونکە داتاکان هیوای ئەوەیان زیادکردووە کە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا ئەم ساڵ رێژەی سوود وەکو خۆی بهێڵێتەوە".
ئێستا 65٪ـی بازرگان و وەبەرهێنەران پێشبینی دەکەن لە مانگی داهاتوودا بانکی فیدراڵیی ئەمریکا رێژەی سوود وەک خۆی بهێڵێتەوە و زیادی نەکات.
هاوکات، بازرگانان چاوەڕوانی کۆنووسی کۆبوونەوەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دەکەن کە بڕیارە سبەی چوارشەممە بڵاوبکرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە پێکدادانەکانی لوبنان و نەبوونی پێشڤەچوون لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، وایکردووە داواکاری لەسەر زێڕ وەک کانزایەکی سەلامەت زیاد بکات.
هەروەها چین سەرچاوەیەکی دیکەی پاڵپشتییە بۆ زێڕ، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ سەرووی 4,000 دۆلار، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ خواستی نوێی وەبەرهێنەران و کڕینی زیاتر لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، بەتایبەتی لە چین.



