رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 26 دۆلار دابەزی و بە 4,491 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، نرخی زێڕ 4,523 دۆلاری تۆمارکردبوو کە بەرزترین ئاست بوو لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵەوە.
بەرزبوونەوەکە بەهۆی دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی سەر گەنجینەی ئەمریکا بوو، دوای ئەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە پرۆگرامێکی فراوانی بۆ کڕینەوەیان راگەیاند.
ئەمە وایکردووە خواست لەسەر زێڕ وەک کانزایەک کە هیچ سوودێکی بانکیی لەسەر نییە زیادبکات، هەرچەندە وەبەرهێنەران هێشتا بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن بەهۆی هەڵوێستی تووندی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لەبارەی هەڵاوسانەوە.
بەگوێرەی شیکەرەوەکانی بانکی ANZ، پرۆگرامە گەورەکەی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا دەیانەوێت تێچووی قەرزکردن دابەزێنن، ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی کەشێکی لەبار بۆ زێڕ دروست دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، دوایین کۆنووسی کۆبوونەوەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دەریخست کە هەڵاوسان هێشتا بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم بانکەکە.
کۆنووسەکە دەریخستووە کە چەندین بەرپرسی بانکەکە ئامادەبوون رێژەی سوود بەرزبکەنەوە و زۆرێکیشیان گوتوویانە ئەگەر هەڵاوسان بەرەو ئامانجی 2%ـی بانکەکە دانەبەزێت، بەرزکردنەوەی رێژەی سوود پێویست دەبێت.



