رووداو دیجیتاڵ
قەرزی گشتیی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار 40 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش بووەتە هۆی دەرکردنی هۆشداریی نوێ لەبارەی ئەوەی کە قەیرانێکی دارایی لە ئارادایە، چونکە تێچووەکانی بەرنامەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و سوودی قەرزەکان زۆر لە داهات زیاترن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆی قەرزی گشتیی وڵاتەکە گەیشتووەتە 40.050 تریلیۆن دۆلار. ئەمە دوای ئەوە دێت کە قەرزەکە لە کەمتر لە دەیەیەکدا دوو هێندە زیاتر بووە، بەتایبەتی کە لە مانگی یەکی ساڵی 2017ـدا نزیکەی 19.95 تریلیۆن دۆلار بوو.
گرووپەکانی چاودێریی بودجە هۆشداری دەدەن کە ئەگەر یاسادانەران رووبەڕووی ئەم دۆخە نەبنەوە و باجەکان بەرزنەکەنەوە یان خەرجییەکان کەم نەکەنەوە، ئەوا قەیرانێکی گەورەی قەرز روودەدات.
مایا ماکگینیس، سەرۆکی لیژنەی بودجەی فیدراڵی رایگەیاند: "40 تریلیۆن دۆلار قەرز تەنیا لەسەر کاخەزەکانی حکومەت نییە، بەڵکو لە هەموو ئابووریدا هەستی پێدەکرێت و بە رێگەیەک لە رێگەکان دەگاتە گیرفانی خەڵک."
ماکگینیس ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرچەندە زیاتر قەرز بکەین، هەڵاوسان زیاتر دەکەین و خۆمان لەبەردەم حاڵەتە لەناکاوەکان و نائارامییەکانی دەرەوەدا لاواز دەکەین."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی گەنجینە، قەرزەکە لە کەمتر لە پێنج مانگدا لە 39 تریلیۆن دۆلارەوە گەیشتووەتە 40 تریلیۆن دۆلار.
بەشێکی زۆری ئەم زیادبوونە لە ماوەی دوو ساڵی پەتای کۆرۆنادا بووە، کە حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە قەرزێکی زۆری کرد. هەروەها بڕیارە سیاسییەکانی هەریەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشوو و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستا رۆڵیان لە زیادبوونی قەرزەکەدا هەبووە.
لە بودجەی ساڵی 2025ـدا بۆ یەکەمجار تێچووی خزمەتگوزاریی قەرزەکان لە بودجەی وەزارەتی جەنگ زیاتر بوو.
لە دە مانگی یەکەمی ساڵی دارایی 2026ـدا، تێچووی سوود لە خەرجییەکانی چاودێریی تەندروستی زیاتر بووە و بووەتە دووەم گەورەترین خەرجی لە بودجەی فیدراڵیدا، لە دوای سیستەمی خانەنشینیی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.



