رووداو دیجیتاڵ
بەرایی
وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەوڵەکانی
چڕکردووەتەوە بۆ ئامادەکردنی بودجەی 2027ی عێراق بە سیستمێکی نوێ و گۆڕینی لە بودجەی بڕگە بە بڕگەی تەقلیدییەوە بۆ
بەرنامە و چالاکییەکان؛ هەنگاوێک کە لە سایەی داهاتێکی نادیار و بڕی 100 تریلیۆن
دینار تەنیا بۆ خەرجیی مووچە، لە ساڵی داهاتوودا رووبەڕووی بەربەستی گەورە و
تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێتەوە بۆ سەرکەوتن و پەیڕەوکردنی.
رۆژی دووشەممە، وەزیری
دارایی سەردانی فەرمانگەی بودجەی کرد و لە دوایین
قۆناخەکانی ئامادەکردنی بودجەکە پرسییەوە و گوتی "گواستنەوە بۆ بودجەی
بەرنامە و بەرهەمداری و کارامەیی، پێویستی بە کارێکی هاوبەش و هەماهەنگیی بەردەوام
لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەیە، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە ئامادەکردنی بودجەیەک
کە تەرخانکردنی سەرچاوەکان بە بەرنامە، ئامانج و ئەنجامەکانەوە ببەستێتەوە".
ئەم شێوازە نوێیەی کە عێراق دەیەوێت
لە رەشنووسی یاسای بودجەی 2027 پەیڕەوی بکات، تەواو جیاوازە لە دوو دەیەی رابردوو.
بنەماکانی ئەم بودجە نوێیەی عێراق لە 2ی حوزەیرانی 2026 لەلایەن ئەنجومەنی
وەزیرانەوە پەسەند کراوە و بڕیارە گرووپی بانکی جیهانی یارمەتیی عێراق بدات بۆ
ئامادەکردن و جێبەجێکردنی. ئەم شێوازەی بودجە یەکێکە لەو رێکارانەی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی و گرووپی بانکی جیهانی هانی حکومەتەکان
دەدەن بۆ پەیڕەوکردنی، چونکە شێوازی کۆکردنەوەی داهاتەکان و خەرجییەکان دەگۆڕێت.
لە راستیدا، جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان
ئەم دوو جۆرە بودجەیە ئەوەیە کە بودجەی بابەتی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی «حکومەت چی
دەکڕێت؟» (تێچووەکان/ Inputs)، لە کاتێکدا بودجەی بەرنامەکان تیشک دەخاتە
سەر ئەوەی «حکومەت چی بەدەست دەهێنێت؟» (بەرهەم و دەرەنجامەکان/ Outputs).
ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە:
عێراق کە لە دوو دەیەی رابردوو نەیتوانیوە بودجەی تەقلیدیی بڕگە بە بڕگە جێبەجێ
بکات و هەمیشە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەوەی پەرلەمان پەسەندی کردووە و ئەوەی
حکومەت جێبەجێی کردووە هەبووە، ئایا لەم دۆخەی ناڕوونی داهات و زۆریی خەرجییەوە دەتوانێت یاسای بودجەی بەرنامەکان دابڕێژێت
و لەگەڵ 100 تریلیۆن دینار خەرجیی مووچەدا جێبەجێی بکات؟
جیاوازیی یاسای
بودجەی پەرلەمان و ژمارەکانی وەزارەتی دارایی
لە ماوەی ساڵانی 2015 بۆ 2025ـدا،
عێراق دوو ساڵی بەبێ بودجە بەڕێکردووە، ئەمساڵیش (2026) دەبێتە سێیەم ساڵ کە
بودجەی ساڵانەی نییە و کار بە (یەک لەسەر دوانزە) دەکات. لە ماوەی ئەو ساڵانەی
یاسای بودجەی هەبووە و ئەو ساڵانەی یاسای بودجەی نەبووە، جیاوازییەکی ئەوتوو
لەنێوان خەمڵاندن و واقعدا نابینرێت؛ بۆ نموونە ساڵانی 2020 بۆ 2026، کە سێ ساڵیان
بودجەی هەبووە و سێ ساڵیان نەبووە.
بۆ نموونە، ساڵی 2025 بەپێی یاسای بودجەی
(2023-2025) دەبوایە کۆی خەرجییەکانی عێراق 199 تریلیۆن دینار بێت، بەڵام کۆی
خەرجییە ئەنجامدراوەکان 141 تریلیۆن دینار بوون. هەروەها لەو بودجەیەدا دانرابوو
کۆی داهاتەکان 134 تریلیۆن دینار بێت، بەڵام کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی گەیشتبووە
124 تریلیۆن دینار، واتە لە هەردووکیدا کورتهێنان هەبووە.
ئەگەر یاسای بودجەی ساڵانی 2015 بۆ
2025 بەراورد بە هەمان ماوەی ژمارەکانی وەزارەتی دارایی بکەین، جیاوازییەکە -چ بۆ
خەرجی و چ بۆ داهات- زۆر گەورەیە. بۆ نموونە لە 2015ـدا جیاوازییەکە 59% بووە؛
بەشێوەیەک لەو ساڵەدا لە بودجەدا کۆی خەرجییەکان بە 119 تریلیۆن دانرابوو، بەڵام
وەزارەتی دارایی تەنها توانی 70.39 تریلیۆن دینار خەرج بکات، کە زۆرترین جیاوازیش
لە خەرجیی وەبەرهێناندا بووە.

لە رووی داهاتیشەوە، هەمان چیرۆکی
جیاوازی هەیە. بۆ نموونە لە یاسای بودجەی 2015ـدا کۆی داهاتەکان بە 94 تریلیۆن
دینار دانرابوو، بەڵام ئەوەی لە کۆتایی ساڵدا کۆکرایەوە 66 تریلیۆن دینار بوو
(جیاوازیی 70%). هەروەها لە 2024دا کۆی داهاتەکان بە 147 تریلیۆن دینار دانرابوو،
بەڵام کۆتایی ساڵ 140 تریلیۆن دینار بوو. ساڵێکی وەکو 2022 هیچ یاسایەکی بودجەی
نەبوو، بەڵام کۆی داهاتی وڵات گەیشتە 161 تریلیۆن دینار، ئەوەش بەهۆی بەرزیی نرخی
نەوت و بەردەوامیی هەناردەکردنییەوە.
ئەو جیاوازییانەی سەرەوە سەرەڕای
بەرز و نزمییەکەی، شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش
دەردەخەن، کە بریتییە لە زیادبوونی خەرجیی بەکارخستن» بەهۆی زیادبوونی ژمارەی فەرمانبەرانەوە؛
لە ماوەی 2015 بۆ 2024دا ژمارەی فەرمانبەران لە 2.98 ملیۆن کەسەوە گەیشتووەتە 4.08
ملیۆن کەس، کە ئەگەر خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتیشی بۆ زیاد بکەین، کۆی گشتی
دەگاتە نزیکەی 10 ملیۆن کەس.
لە بەرامبەردا، داهاتی نانەوتی کەمی
کردووە؛ لە 2015ـدا داهاتی نەوتی 78% و داهاتی نانەوتی 22% بوو، بەڵام لە 2023ـدا
داهاتی نەوتی گەیشتە 92%، لە 2024دا 90% و لە 2025ـدا رێژەی 88% بووە.

بودجەی
بەرنامەکان؛ بەم پێکهاتەیەی عێراق جێبەجێدەکرێت ؟
بودجەی بابەتی،
شێوازێکی کۆن و تەقلیدییە کە تێیدا پێداویستییە تایبەتەکانی هەر فەرمانگەیەک لیست
دەکرێن و پارەی تەرخانکراو لەسەر بنەمای کڕینی کەلوپەل، نۆژەنکردنەوە و خەرجییە
گشتییەکان دابین دەکرێت، کە هیچ لەم خەرجییانە نەبەستراوەتەوە بەو
خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی هاووڵاتییان دەکرێت.
لە بەرامبەردا،
بودجەی بەرنامەکان سیستمێکی دارایی مۆدێرنە. لەم شێوازەدا
تەرخانکردنی پارە لە دەوری ئامانج و چالاکییەکانی حکومەت رێک دەخرێت و خەرجییەکان
دەبەسترێنەوە بە پلانە ستراتیژییەکانی دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکان وەک
تەندروستی، پەروەردە و پیشەسازی.
ئەم رەشنووسەی
ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق ئامادەکاری بۆ دەکات، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا
رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت و لەمانگی 11 و 12دا بگاتە بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی
پەرلەمانتاران خوێندنەوەی بۆ بکەن و پەسەندی بکەن، ئەگەر هەموو ئەمانەش وەکو خۆی
بڕوات هێشتا بودجە نوێیەکە لە ساڵی 2027ـدا بەتەنیا لە
دوو وەزارەت و دوو پارێزگادا جێبەجێ دەکرێت.
گواستنەوە لە
بودجەی تەقلیدی بڕگە بە بڕگە بۆ بودجەی بەرنامەکان هەنگاوێکی زۆر گرنگە، بەڵام لە
ئێستاوە چەندی پرسیار دێنتەگۆڕی لەبارەی جێبەجێکردنییەوە لە عێراق دا، کە
گرنگترینیان ئەمانەن:
یەکەمیان، توانای مرۆیی و بەرهەمی دەستی کاری
کەرتی گشتی، لە کاتێکدا ژمارەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە عێراق لە 4 ملیۆن کەس تێپەڕیوە، تێکڕای کاتی کاری راستەقینەی
فەرمانبەر لە رۆژێکدا تەنیا نزیکەی 17 خوولەک دەبێت. بودجە نوێیەکە چۆن دەتوانێت توانای مرۆیی بە
بەرهەمەوە ببەستێتەوە؟
دووەمیان، کەمکردنەوەی بەردەوام و پاشەکشەی خەرجی
وەبەرهێنان: لە دوو دەیەی رابردوودا، کاتێک پێویستی
بەوەکردبێت خەرجی کەمبکرێتەوە، ئەوەی سەرەتای بیری لێکراوەتەوە و هەمیشە قوربانیی
پێ دراوە کەرتی وەبەرهێنان بووە. بۆ نموونە لە
بودجەی (2023-2025)دا جیاوازیی گەورە لەنێوان پلانی
وەبەرهێنانی تەرخانکراو و ئەوەی خەرج کراوە هەبووە (وەک کەرتی کارەبا
و تەندروستی کە لە هەندێک شوێن جیاوازییەکە گەیشتووەتە نزیکەی 99%).
سێیەمیان، ناڕوونیی داهات و بڕی هەناردەی نەوت: لە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنگەی
هورموزدا، نە بڕی هەناردەکردن و نە نرخی نەوت جێگیر نییە. کە ئەمەش بنەمای
دانانی داهاتەکان زەحمەتر دەکات.
چوارەمیان، هەنگاونان بۆ گۆڕینی سیاسەتی فرۆشتنی
نەوتی خاو بە نرخێکی داشکێنراو بۆ ناوخۆ و جیاواز لەوەی پەێڕەوکراوە، رەنگە یەکێک
بێت لەو خاڵانەی بودجەی پرۆگرامەکانی لەسەر بنیات دەنرێت، بۆ نموونە فرۆشتنی
بەرمیلێک نەوت بەرێژەی 30% کەمتری بازاڕ ، هەر وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی
عێراق لە هەشتەمین دایالۆگی نێودەوڵەتیی بەغدا گوتی " راستی ئێمە نەوتی خاو بە نیوخۆ بە 5 هەزار یان بە
بەلاش دەفرۆشین، کە پێویستە بیگوڕین و نامێنی"، واتە نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕ بە 90 دۆلار بێت، ئەوا ئەوەی نیوخۆ دەبێت بە 60 دۆلار بێت، ئەمەش راستە دەبێتەهۆی کۆکردنەوەی
نزیکەی 20 تریلیۆن دینار یان یەک لەسەر پێنجی کۆی
داهاتی ساڵیکی باشی عێراق لەو 1.1 ملیۆن بەرمیلەی
رۆژانە بەنیوخۆ دەدرێت، بەڵام سەرکەوتنی هەنگاوێکی لەمشیوەیە تاچەند بەدی دێت،
کاتێک لە یەکەمین کاردانەوەدا مۆلیدەکان لە 12 شەو کارەباین کوژاندەوە و خەرجییەکی 200 هەزاری کارمەندانی کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی نەوت بێتە سەر خەرجی
گشتی؟
کۆتایی
لە ڕاستیدا،
جێبەجێکردنی ئەم سیستمە نوێیە داراییە پێویستییەکی گەورەی بە پاڵپشتیی تەکنەلۆژیای
سەردەم و یەکخستنی ژمارەکانی داهات و خەرجی هەیە؛ وەک ئەوەی لە مالیزیا جێبەجێ
کراوە و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتیش لە راپۆرتەکەیدا بە ناونیشانی «زیرەکانەتر خەرجی بکە» باسی دەکات.
هەروەها،
هەرچەندە لە رووی تیۆری و یاساییەوە دەکرێت عێراق خاوەنی ئەم بودجەیە بێت، بەڵام
لە رووی پراکتیکییەوە زۆر سەخت و ئاڵۆزە، مەگەر چاکسازیی ریشەیی لە قەبارەی
خەرجییە بەکارخستنەکاندا بکرێت و قەبارەی مووچە و خەرجییە گشتییەکان کۆنتڕۆڵ بكرێن.
لەگەڵ هەموو
ئەوانەشدا، گواستنەوە بۆ سیستمی بودجەی بەرنامەکان دوو سیناریۆی جیاواز دەهێنێتە
ئاراوە: یەکەمیان، دەکرێت ببێتە هۆی زیاترکردنی
شەفافیەت، باشترکردنی کۆنترۆڵی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی کۆکردنەوەی داهات؛
دووەمیان، مەترسی و ئاستەنگەکانە کە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی رۆتین، ئاڵۆزیی
زیاتری بڕگەکانی یاسای بودجە و پشتگوێخستنی زیاتری کەرتە لاوازەکان.
لە کۆتاییدا، ئەم
دۆخە ئاڵۆزە داراییە لە بەغدا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێگەی دارایی و ئابووری
هەرێمی کوردستانیش هەیە، چونکە هەر گۆڕانکارییەک لە میکانیزمی بودجەدا هاوکێشەی
دابەشکردن و خەرجییەکان تێکدەدات. بۆیە لە بەشی
داهاتوودا، هەڵوەستە لەسەر ئەوە دەکەین کە پشکی هەرێمی کوردستان لە ماددە و
ژمارەکانی دەیەی رابردووی یاسای بودجەی عێراقدا چۆن بووە، و لە بودجەی
بەرنامەکاندا پێویستە داوای چی بکات و بۆچی؟



