رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی.
لە کاتێکدا لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە چەند کاژێری سەرەتایی مامەڵەکاندا، ئاراستەی نرخی زێڕ بەرزبوونەوە بوو و نرخەکەشی گەیشتە سەرووی 4150 دۆلار، کەچی لەدوای چەند کاژێرێک و لە ماوەیەکی کەمدا زێڕ قازانجەکانی بەرەبەیانی خۆی لەدەستدا و ئێستا ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 4130 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بۆ ماوەیەکی زۆر کەم و لە یەک خولەکدا تەنانەت نرخی زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 4100 دۆلار، بەڵام بەخێرایی نرخەکەی گەڕایەوە نزیکەی 4130 دۆلار.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و هەروەها پێنوێنیی دۆلار، بەڵام زێڕ بە باشی بەهای خۆی لە سەرووی 4000 دۆلارەوە پاراستووە.
رۆژی دووشەممە دوو بەرپرسی باڵای بانکە ناوەندییەکان رایانگەیاند، سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرچاوی سوودی قەواڵە داراییەکان لەمساڵدا، زێڕ هێشتا وەک یەدەگی ستراتیژی پێگەی خۆی پاراستووە؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی زیادبوونی قەرزی وڵاتان و ناسەقامگیریی جیۆپۆلەتیکی، گرینگی ئەم کانزا زەردەی وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایە لە مەترسییەکان زیاتر کردووە.
بە شێوەیەکی گشتی، لەگەڵ بەرزبوونەوەی سوودی قەواڵەکاندا نرخی زێڕ پاشەکشە دەکات، بەڵام بە گوتەی پسپۆڕان، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ بەهۆی هەڵکشانی سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەرزترین ئاستی چەندین دەیەی رابردوو، نرخی زێڕ بەڕێژەی نزیکەی 4% دابەزیوە، کڕینی بەردەوامی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان و خواستی خۆپارێزی لە بازاڕەکاندا، بوونەتە هۆکاری پاڵپشتیکردنی نرخەکەی و هێشتنەوەی لە سەرووی 4,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
سێرجیۆ نیکۆلێتی ئاڵتیماری، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئیتاڵیا لە میانی کۆنفرانسی ساڵانەی کۆمەڵەی بازاڕی زێڕی لەندەن (LBMA) لە شاری سۆرێنتۆی ئیتاڵیا رایگەیاند: "زێڕ پەناگەیەکی ئارامە بۆ وەبەرهێنان، رەنگە گرنگترین پەناگەی ئارامیش بێت، ئەمەش بەهۆی مێژووی سەلمێنراوی ئەم کانزایە لە ماوەی قەیرانە گەورەکاندا."
دەشڵێت: "ئەم رۆڵەی زێڕ، لە دۆخی ئێستا کە مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ئاستێکی بەرزدان و نیگەرانی لەبارەی لێکترازانی ئابووریی جیهانی دروستبووە، لە هەموو کاتێک پێویستتر و گرنگترە."
هاوکات یواکیم ناگێڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەڵمانیا (بوندسبانک) ئاماژەی بەوە کرد، بەرزبوونەوەی سوودی قەواڵەکان وادەکات کڕینی قەواڵە داراییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرانی داراییەوە سەرنجڕاکێشتر بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هەمەجۆرکردنی سەرمایە و رووکردنە زێڕ، بەهۆی بەردەوامیی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان و مەترسییەکانی پەیوەست بە ئاستی بەرزی قەرزە حکومییەکان، هێشتا بایەخێکی گەورەی هەیە.


