رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێک لە قازانجەکانی دوێنێی خۆی لەدەستدا و ئۆنسەیەکی گەیشتە 4140 دۆلار.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ کە رۆژی سێشەممە گەیشتبووە نزیکەی 4180 دۆلار و لە نزیک 4160 دۆلار داخرابوو، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا رووی لە دابەزین کردەوە و ئۆنسیەکی ئێستا بە نزیکەی 4140 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هۆکاری دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕە.
بەپێی کۆمپانیاکانی راوێژکاری و چاودێریی جووڵەی دەریایی، قەبارەی گواستنەوەی نەوت لە کەنداو گەڕاوەتەوە بۆ 4 لەسەر 5ی کاتی پێش جەنگ، ئەوەش بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سنووردار کردووە.
لە لایەکی دیکەوە سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا لە سەرووی 5%ەوە ماوەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی پێنوێنی دۆلار بۆ سەرووی 102، ئەمانە هەمووی گوشاریان لەسەر نرخی کانزای زەرد دروستکردووە.
بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەپێی دوایین لێدوانەکانیان لە چەند رۆژی رابردوودا ئاماژەیان پێداوە کە پێویست بەوە ناکات پەلە بکرێت لە بەرزکردنەوەی خێرا و زیاتری سوودی بانکی.
ئێستا وەبەرهێنەر و بازرگانانیش بەرزکردنەوەی سوودی بانکییان لەم مانگەدا لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە تەنیا بە 20% دەستنیشانکردووە. ئەم رێژەیە هەفتەی رابردوو نزیکەی 40% بووە.
ئەمڕۆ هەروەها کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی رابردووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڵاودەبێتەوە و بازرگانان چاوەڕێی ئاماژەی نوێن لەسەر سیاسەتی نەختی بانکەکە و بەو پێیەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دابنێت.



.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)