رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە شیکارییەکی ورددا هۆشداری دەدات کە پلانەکەی حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 10 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، تەمەنی یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە کورت دەکاتەوە و تاوەکو ساڵی 2045 دەیخاتە مەترسیی تەواوبوونەوە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووان و خەرجییەکان بە شێوەیەکی بێپێشینە زیاد دەکەن.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زیاتر لە جارێک و دوایین جار لە 5ـی ئەم مانگەدا لەگەڵ سەرۆکهۆزەکان رایگەیاند، پلانیان هەیە تاوەکو ساڵی 2031 ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت بگەیێننە 10 ملیۆن بەرمیل.
مەحموود بابان، لێکۆڵەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بووڵتەنی ئابووریی رووداودا رایگەیاند: "لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق دوو هێندە زیادی کردووە، بەڵام حکومەت دەیەوێت لە چوار ساڵدا بڕەکە دوو هێندە بکاتەوە؛ ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە و لە 20 ساڵی داهاتوودا یەدەگی نەوتی عێراق بەرەو وشکبوون دەبات، لە کاتێکدا دانیشتووان دەگاتە سەرووی 65 ملیۆن کەس و نەوتێک نامێنێت کە 90٪ـی خەرجییەکان دابین بکات."
پێنج سیناریۆ بۆ چارەنووسی یەدەگی نەوت
ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە سەر بنەمای ئاستی بەرهەمهێنان، پێنج سیناریۆی بۆ مانەوەی یەدەگی نەوتی عێراق داڕشتووە:
بەرهەمهێنانی 3.6 ملیۆن بەرمیل (ئاستی ئێستا): یەدەگی نەوت تاوەکو ساڵی 2118 بە سەلامەتی دەمێنێتەوە.
بەرهەمهێنانی 4.6 ملیۆن بەرمیل: مەترسیی لە سەر یەدەگ پێش ساڵی 2100 دەستپێدەکات.
بەرهەمهێنانی 6 ملیۆن بەرمیل: لە ساڵی 2073 مەترسیی نەمانی نەوت سەرهەڵدەدات.
بەرهەمهێنانی 8 ملیۆن بەرمیل: لە ساڵی 2055 وڵات دەگاتە قۆناخی مەترسی.
بەرهەمهێنانی 10 ملیۆن بەرمیل (پلانی حکومەت): مەترسیدارترین سیناریۆیە؛ تەمەنی یەدەگی نەوت بۆ ساڵی 2045 کەم دەکاتەوە و لەو کاتەوە بەرهەمهێنان بەرەو وشکبوون دەڕوات.
تەقینەوەی دانیشتووان و هەڵکشانی خەرجییەکان
بە پێی خەمڵاندنەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا ژمارەی دانیشتووانی عێراق 20 بۆ 30 ملیۆن کەس زیاد دەکات و دەگاتە نێوان 63.8 بۆ 70.7 ملیۆن کەس؛ ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی لانیکەم 2 بۆ 5 ملیۆن کەسی نوێ دەبێت لە کەرتی گشتیدا.
مەحموود بابان ئاماژەی بەوە کرد، تەنانەت بەرهەمهێنانی 10 ملیۆن بەرمیلیش فریای خەرجییەکان ناکەوێت و گوتی: "لە دوو دەیەی رابردوودا خەرجییەکانی عێراق 12 هێندە بوون و بە رێژەی 1,800٪ زیادیان کردووە؛ ئەگەر خەرجییەکان بە هەمان ریتمی پێشوو (نزیکەی 10٪ـی ساڵانە) زیاد بکەن، ئەوا لە ساڵی 2045دا، واتە لەو کاتەی نەوت بەرەو تەواوبوون دەچێت، خەرجیی ساڵانەی عێراق دەگاتە زیاتر لە 1,152 تریلیۆن دینار."
ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە پشتبەستن بە داتاکانی 20 ساڵی رابردووی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی، سێ سیناریۆی بۆ زیادبوونی خەرجییەکان تاوەکو 2045 خستووەتە روو.
سیناریۆی یەکەمیان زیادبوونی خەرجی ساڵانەیە بە رێژەی 1٪، لە ئەم سیناریۆیەدا کۆی خەرجییەکان تاوەکو ساڵی 2045 دەگاتە 209 تریلیۆن دینار.
سیناریۆی دووەمیان زیادبوونە بە رێژەی 4.5٪ کە لە سەر بنەمای گەشەی دانیشتووان و زیادبوونی خەرجییەکان بۆ بەکارخستن و وەبەرهێنان دانراوە کە خەرجییەکان دەگاتە 413 تریلیۆن دینار.
سیناریۆی سێیەمیان کە بەرزترین رێژەی زیادبوونی ساڵانەی خەرجییەکانە 10٪ و لە سەر بنەمای زیادبوونی خەرجیی ماوەی 2016 بۆ 2024 دانراوە، کە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا رێژەی زیادبوونی خەرجییەکان 9.8٪ بووە.
ئەو لێکۆڵەرەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو روونی کردەوە کە بە بێ راکێشانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و پێدانی ئیمتیازاتی گرێبەستی هاوبەشی لە قازانجدا، عێراق لە رووی تەکنیکی و ژێرخانیشەوە ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستە لە بەرهەمهێنان، چونکە زیادبوونی بەرهەمهێنان هاوتەریبە لەگەڵ دوو هێندەبوونی سووتانی گازی هاوەڵ و بەرزبوونەوەی تێچووی دەرهێنان.


