رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ بەرزبووەوە و درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی دوێنێ دا. هەفتەی رابردوو نرخی زێڕ دابەزیبوو بۆ نزمترین ئاستی 14 مانگی رابردووی خۆی، بەڵام رۆژی دووشەممە نرخی زێڕ بە بەرزبوونەوەی بەرچاو کرایەوە.
نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و گەیشتە 3,643 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، دوای ئەوەی رۆژی هەینی نزمترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی ئەیلوولی 2025ـەوە تۆمارکردبوو.
باس کویمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و بەڕێوەبەری سەرمایە لە کۆمپانیای (دی ئێچ ئێف کاپیتال) دەڵێت، "هەفتەی رابردوو، ئاماژە تووندەکانی بانکی ناوندی ئەمریکا هاوکات بوون لەگەڵ داڕمانی پشکەکانی ژیریی دەستکرد و وەبەرهێنەران زێڕیان فرۆشت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان و دەستخستنی پارەی کاش. ئێستا بەشێک لەو گوشارە رەویوەتەوە، هەرچەندە رەنگە کانزاکە لەژێر گوشاردا بمێنێتەوە بەهۆی پێشبینییەکان بۆ تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی."
هەرچەندە زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی سەرمایە لە بەرامبەر هەڵاوساندا سەیر دەکرێت، بەڵام بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی سەرنجڕاکێشییەکەی بۆ کڕیاران کەم دەکاتەوە.
بەپێی پێوەری (فێدواچ)ی سەر بە دامەزراوەی (CME)، لە ئێستادا بازاڕەکان بە ئەگەری 95% پێشبینیی بەرزکردنەوەی رێژەی سوود بە بڕی 0.25٪ لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمی بانکی ناوندیی ئەمریکادا دەکەن، لە کاتێکدا ئەگەری بەرزکردنەوەی بە 0.50٪ بە 4.9% دادەنرێت. بانکی ناوەندیی ئەمریکا دواجار لە مانگی ئەیلوولدا سوودی بانکی بەرزکردبووەوە.
جۆن ویلیامز، سەرۆکی بانکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا-لقی نیویۆرک، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، بەردەوامیی هەڵاوسانی بەرز، پاڵ بە بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دەنێت بەرەو سیاسەتێکی نەختی تووندتر. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە خێرایی هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، بەستراوەتەوە بە داتا ئابوورییە نوێیەکانەوە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە پێوەری نرخی خەرجییەکانی بەکاربردنی کەسی لە ئەمریکا (PCE) بڵاوبکرێتەوە، کە پێوەرێکی سەرەکییە و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە وردی چاودێری دەکرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی هەڵاوسانی 2%.
داتاکان دەریانخستووە کە گەشەی چالاکیی بازرگانی لە ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا زیاتر خاوبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخەکان رێگری لە داواکارییە نوێیەکان کردووە و سنوورداربوونی تواناش رێگری لە بەرهەمهێنان کردووە، بەڵام بە گشتی چالاکییەکان بە خۆڕاگری ماونەتەوە.



