رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە شەش مانگدا 41٪ی کۆی هەناردەی وشکانیی ئێران بۆ عێراق لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە بووە. دەشڵێت، 39٪ی هەناردەی بۆ هەرێمی کوردستان و 61٪ی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، داریوش سادقی، بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا قەبارەی هەناردەی پارێزگاکە بایی زیاتر لە یەک ملیار و 39 ملیۆن دۆلار بووە، کە لەڕووی کێشەوە 9٪ و لەڕووی نرخەوە 31٪ کەمی کردووە.
داریوش سادقی گوتی، زیاترین هەناردە لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە بووە کە 316 ملیۆن دۆلارە و دەروازە سنوورییەکانی خوسرەوی، سۆمار، شێخ سڵە و شووشمێ لە ریزبەندی دووەم تاوەکو پێنجەمدان.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان، لەو ماوەیەدا بایی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکەوە ترانزێت کراوە.
داریوش سادقی گوتی، لە شەش مانگی رابردوودا بایی 138 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە هاوردە کراوە کە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 100٪ زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان ئاماژەی بەوەش دا، کە 39٪ی هەناردەی پارێزگاکە بۆ هەرێمی کوردستان و 61٪ی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بووە.
ئەو بەرپرسەی پارێزگای کرماشان روونیشیکردەوە، لە کۆی هەناردەی وشکانیی ئێران بۆ عێراق، نزیکەی 41٪ی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە بووە.
پێنج دەروازەی سنووری لە پارێزگای کرماشان هەن کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن و دوو دەروازەی دیکەش لەگەڵ ناوچەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقن.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنوورییەکانی خوسرەوی و سوماریش دەکەونە سنووری کرماشان و قەزای خانەقین لە باشووری کوردستان.


.webp&w=3840&q=75)