رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەرەتای مامەڵەکاندا، نرخی نەوت کەمێک رووی لە دابەزین کرد، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا و دانوستاندنەکانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی داتاکانی کەرتی نەوت دابەزینێکی گەورەی چاوەڕواننەکراویان لە کۆگاکانی نەوتی ئەمریکادا پێشاندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 26 سەنت یان بە رێژەی 0.25% دابەزی و بەرمیلێکی بە 103.34 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 53 سەنت، یان بە رێژەی 0.55% دابەزی بۆ 95.56 دۆلار. لە مامەڵەکانی رۆژی رابردووشدا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی زیاتر لە 1% دابەزیبوو بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی نزیکەی چوار هەفتەی رابردوودا، ئەمەش بەهۆی دەنگۆی دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکانی ئۆکراینا و ئێران.
ئێستا جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا بەردەوامە، کە چارەنووسی زۆرینەی کۆنگرێس بۆ ماوەی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دیاری دەکات. هاوکات بازاڕەکان چاودێریی هەر پێشکەوتنێک لە هەوڵەکانی قەتەر بۆ نێوەندگیری و پێشگرتن لە پەرەسەندنی سەربازی لەدوای هەڵبژاردنەکان دەکەن. هەرچەندە بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، کە واشنتن و تاران هێشتا زۆر دوورن لە گەیشتن بە رێککەوتن.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، سوپای وڵاتەکەی هێرشی بەرگریکارانەی لە دوورگەی قیشمی ئێران ئەنجامداوە؛ بەڵام بەرپرسێکی دیکە گوتوویەتی، ئەم هێرشانە سنووردار بوون و بە مانای دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان نایەن. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز رایگەیاند، واشنتن ئێستا هیچ پلانێکی دەستبەجێی بۆ لێدانی ئێران نییە، "وا دەردەکەوێت هەموو ئەو شتانە بەدەستبهێنین کە دەمانەوێت."
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی داتاکانی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکی (API)، لە هەفتەی رابردوودا کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا بە بڕی 5.27 ملیۆن بەرمیل دابەزیون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشبینیی زیادبوونی 880 هەزار بەرمیلیان دەکرد. هاوکات کۆگاکانی بەنزین بە بڕی 1.43 ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە و کۆگاکانی سووتەمەنییە پاڵێوراوەکانیش بە بڕی 1.19 ملیۆن بەرمیل کەمیان کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)