رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکایی راگەیاند، کە بەپێی پلانەکە، پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2026 گرێبەستی گەورەی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی "قوڕنەی رۆژئاوا-2" بە فەرمی واژۆ دەکرێت.
رۆژی سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، باسم محەممەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، لە بەغدا لەگەڵ جۆ کوک، بەڕێوەبەری گشتیی پەرەپێدانی کار لە کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکایی کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بۆ یەکلاکردنەوەی خاڵە ناکۆکەکان و داڕشتنی کۆتایی گرێبەستی کێڵگەی نەوتیی "قوڕنەی رۆژئاوا-2"، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی پڕۆژەکانی کێڵگەی ناسرییە و چوار بلۆکی دیکەی نەوتی.
لەوبارەوە وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت: "سوپاس بۆ خودا لەسەر ئەم بابەتە گەیشتینە چەندین رێککەوتن، پلانمان داناوە پێش کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستی کێڵگەی قوڕنەی رۆژئاوا-2 بە شێوەیەکی کۆتایی واژۆ بکرێت، لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆکانمان لەسەر کێڵگەی ناسرییە و چوار بلۆکە نەوتییەکە."
عەبادی جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا ژینگەی کارکردن بۆ کۆمپانیا ئەمریکاییـەکان ئاسان دەکات و گوتی: "پاڵپشتیی تەواو پێشکەشی شێڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل و سەرجەم کۆمپانیا ئەمریکاییـەکان دەکەین و هەموو کۆسپەکانیان لە پێش لادەبەین؛ ئەمەش پاڵپشت بە دیدگەی حکومەت بۆ پێویستیی سوودوەرگرتن لە شارەزایی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەو کۆمپانیایانە لە بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی نەوت و گاز، هەروەها پەرەپێدانی توانای ستافی نێوخۆیی."
بە گوتەی وەزیری نەوت، هەڵکشانی ئامادەییی کۆمپانیا گەورەکانی وەک شێڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل و کۆنۆکۆ فلیپس، بەڵگەیەکی روونە لەسەر ئەوەی ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراقدا بووژاوەتەوە و سەرنجڕاکێشە، ئەوەش راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پیشەسازیی نەوتی نیشتمانی.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە لە رۆژانی داهاتوودا رێکارە یاسایی و تەکنیکییەکان خێراتر دەکرێن تاوەکو داڕشتەی کۆتایی گرێبەستەکە ئامادە بکرێت و رێوڕەسمی فەرمیی واژۆکردنی بەڕێوە دەچێت.
.jpg&w=3840&q=75)
