رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد، لەوانەش دابینکردنی 50 هەزار مەتر سێجا نەوت بۆ هەرێمی کوردستان.
ئێوارەی سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی 26ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد و تێیدا تاوتوێی دۆخی گشتیی عێراق و چەندین پرسی گرنگ کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە (4 تشرینی دووەمی 2026)ی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بریتین لە:
ڕەزامەندیی دان لەسەر دابینکردنی 50 هەزار مەتر سێجا نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
هەر 1 مەتر سێجا یەکسانە بە 1,000 لیتر. کەواتە دەکاتە 50 ملیۆن لیتر.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی نەوتی راسپارد بەشە نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات و دابەشکردنی نەوتەکەش بەسەر خەڵک بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی دەبێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، کرێکارانی بەنداوی مووسڵ بکرێنە گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و 50% دەرماڵەی مەترسییان بۆ خەرج بکرێت.
هەروەها دەستپێشخەریی پاراستنی هەردوو رووباری دیجلە و فورات پەسندکرا، بە مەرجێک وەزارەت و لایەنە زیانبەخشەکان پاشماوەکانیان چارەسەر بکەن، وێستگەکانی ئاوەڕۆ لەلایەن پارێزگاکانەوە بخرێنە کار و نوێنەرانی وەزارەتەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە تیمی نیشتمانیی پڕۆژەکەدا بەشدار بن.
دەنگ درا لەسەر زیادکردنی گوژمەی پڕۆژەی لێکۆڵینەوە، دیزاین و پشکنینی خاک بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەروێڵەیی لە ناحیەی باشیک-ی سەر بە پارێزگای نەینەوا.
.jpg&w=3840&q=75)
