رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ کەمێک رووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش بەهۆی پاشەکشەی بەهای دۆلاری ئەمریکی لە سایەی چاوەڕوانییەکان بۆ یەکلابوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەلی کاری ئەمریکان لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بۆ زانینی ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
نرخی زێڕ لە مامەڵە دەستبەجێیەکاندا بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 3,931 دۆلار، هاوکات لە گرێبەستەکانی داهاتوودا نرخی زێڕ بۆ رادەستکردنی مانگی کانوونی یەکەم لە ئاستی 3,941 دۆلاردا جێگیر بوو.
کریس وێستن، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە دامەزراوەی دارایی (Pepperstone) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی بەهای دۆلار و پاشەکشەی بەرچاوی سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بە روونی بوونەتە هۆکاری پاڵپشتیکردنی نرخی زێڕ." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "خواستی خۆپارێزی لە بەرامبەر ناڕوونیی سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ لەدوای هەڵبژاردنەکان، پاڵنەرێکی بەهێزی دیکەیە بۆ کڕیارانی زێڕ."
ئەمڕۆ چوارشەممە، گرێبەستە دواخراوەکانی پشکەکانی ئەمریکا دابەزین، لە کاتێکدا سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینە بەرزبوونەوە و دۆلاریش پاشەکشەی کرد، دوای ئەوەی دیموکراتەکان سەرکەوتنی سەرەتاییان لە ئەنجوومەنی پیراندا بەدەستهێنا، ئەوەش پێشبینییەکانی بەهێزتر کرد کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی ئەو ئەنجوومەنە لە دەستی پارتی کۆماری دەربهێنن.
لەڕووی جیۆپۆلەتیکییشەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێران رۆژی سێشەممە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا زۆر دوورن لە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ترەمپ ئامادەنەبوو ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان بەدوور بزانێت.
هاوکات بەپێی پێوەری "فێد وۆچ"ی سەر بە گرووپی CME، ئێستا بازرگانان ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە لە مانگی کانوونی یەکەمدا بە 78% دادەنێن. بەرزبوونەوەی رێژەی سوود لە سەرنجراکێشی زێڕ کەم دەکاتەوە. ئێستاش بازاڕەکان چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کەرتی کاری ئەمریکان کە رۆژی هەینی بڵاودەبێتەوە.
مات سیمپسۆن، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (StoneX) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئاستی 4,000 دۆلار ئاستێکی بەرگریی تەواو روونە و شکاندنی ئەم ئاستە بە هەر ئاراستەیەکدا، دەتوانێت جووڵەی گەورەی داهاتووی نرخی زێڕ دیاری بکات."
لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ (WGC) بڵاویکردەوە کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا خواستی هیندستان لەسەر کڕینی زێڕ بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا داببەزێت؛ ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەرزیی نرخەکان زیانی بە فرۆشی خشڵ گەیاندووە و خواستی وەبەرهێنانیشی خاوکردووەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)