رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رایدەگەیێنێت، کۆمپانیای ئەپڵ (Apple)ـی ئەمریکایی وەک پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی فەرمی و متمانەپێکراو هاتووەتە نێو بازاڕی عێراقەوە و گفتوگۆکانیان بۆ خزمەتگوزاریی زیاتر بەردەوامە. ئەندامێکی لێژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق ئەمە بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ بەرەوپێشچوونی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبینێت.
عەلی شێخ خاڵس، ئەندامی لێژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە (4ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای ئەپڵ لە عێراق مۆڵەتی کارکردنی پێ دراوە.
ئەندامەکەی لێژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە ئەمە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بازاڕی عێراق و کارتە جیاوازەکان دەبێت و رایگەیاند، ئامانجەکەی بریتییە لە دەستەبەرکردن و پاراستنی مافی بەکارهێنەرانی عێراقی بۆ خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان؛ رێکخستن و فراوانکردنی بازنەی پرۆسەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی پارێزراو و پاڵپشتیکردنی کاروانی گۆڕانی دیجیتاڵی و پەرەپێدانی ژینگەی وەبەرهێنان لە کەرتی تەکنەلۆژیای زانیاریدا.
هەر لەوبارەوە، بەلیغ ئەبو گلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، لە تازەترین قسەیدا گوتی: "گفتوگۆمان لەگەڵ کۆمپانیای ئەپڵ هەیە، ئێستا بۆ یەکەمجار وەک کۆمپانیایەکی متمانەپێکراو و پلاتفۆرمێکی متمانەپێکراو دەچێتە نێو بازاڕی عێراقەوە، لە سیاسەتی تایبەتمەندێتی (Privacy Policy)ـدا بەشێک بۆ عێراق تەرخان دەکات، بە شێوەیەکی فەرمی چووەتە نێو بازاڕی عێراق و مۆڵەتمان بۆ ئەم کارە پێداون."
هەروەها گوتی: "هەنگاومان ناوە و گەیشتووینەتە بەشی یارییەکان (Apple Arcade)، ئێستاش لە دانوستاندنــداین لەگەڵیاندا لەسەر پرسی (Apple Pay) بۆ گرتنەبەر یان تەواوکردنی سەرجەم رێکارە تەکنیکی، یاسایی و دارایییەکان لە پێناو بەردەستکردن و کاراکردنی ئەم خزمەتگوزارییەدا."
رۆژی 6ی ئابی 2026، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای ئەپڵ (Apple)ـی ئەمریکایی وەک پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵیی فەرمی و متمانەپێکراو بۆ کارکردن لە عێراق پەسند کرا، ئەوەش دوای تەواوکردنی سەرجەم مەرج و رێکارە دیاریکراوەکانی چوارچێوەی رێکخستنی پلاتفۆرم و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان.
بەلیغ ئەبو گلەل، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "ئەم پەسندکردنە پۆلێنکردنی کۆمپانیای ئەپڵ وەک دابینکەرێکی متمانەپێکراوی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لەخۆ دەگرێت، لەوانە: (App Store، Apple Music، Apple Podcasts، Apple Arcade، و Apple Ads)، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە سەرجەم مەرجە تەکنیکی و یاساییەکانی دەستەکەمانی جێبەجێ کرد."
ئەبو گلەل ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە رێگە دەدات ئەو خزمەتگوزارییانە لە چوارچێوەیەکی رێکخراوەیی فەرمیدا و بەپێی یاسا و رێساکانی عێراق پێشکەش بکرێن. روونیشی کردەوە کە دانپێدانان بە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان بەشێکە لە ستراتیژییەک بۆ گونجاندنی خزمەتگوزاریی کۆمپانیا جیهانییەکان لەگەڵ یاساکانی عێراق، پاراستنی مافی بەکارهێنەران، پشتیوانیکردنی ئابووریی دیجیتاڵی و پێشخستنی ژینگەی وەبەرهێنان لە کەرتی تەکنەلۆژیای زانیاریدا.
سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەکە جەختی لەوەش کردەوە کە کارەکانیان لەگەڵ گەورە کۆمپانیا و پلاتفۆرمە جیهانییەکانی دیکە بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی مۆڵەت و متمانەپێکردن، بە ئامانجی فراوانکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، رێکخستنی پرۆسەی پارەدانی ئەلیکترۆنی، و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە ئابووریی دیجیتاڵیی جیهانیدا.
ئەبو گلەل دووپاتی کردەوە کە ئەم بڕیارە دەربڕی پابەندبوونی عێراقە بە دروستکردنی ژینگەیەکی دیجیتاڵی لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا، حوکمڕانیی دروست و تەواوکاری لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەکان، بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا بێت و پاڵپشتی لە کاروانی گۆڕانی دیجیتاڵی لە وڵاتدا بکات.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی دەستەکە بە ژمارە (9/ج/00009550) کە لە 6ی ئابی 2026 دەرچووە و بە واژۆی بەلیغ مسقال ئەبو گلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندن ئاراستەی کۆمپانیای ئەپڵ کراوە، پڕۆسەی پەسندکردنەکە لەسەر بنەمای داواکارییەکی ئەلیکترۆنیی پێشووی کۆمپانیاکە لە تەممووزی 2025 و دوای تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییە یاسایی و هونەرییەکان لە 31ی ئایاری 2026 لە چوارچێوەی "رێسای گشتیی پلاتفۆرم و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان" ئەنجام دراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە رەزامەندیی متمانەپێکردن بە ژمارەی تۆماری (CMC BAG TDP 260001) بەخشراوەتە کۆمپانیاکە، هاوکات جەخت لەسەر پابەندبوونی تەواوی ئەپڵ بە رێنمایی و یاساکانی دەستەکە کراوەتەوە و ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەم رەزامەندییە بەپێی بەرژەوەندیی گشتی دەکرێت هەموار بکرێتەوە و ئەو بەڵێننامانەی کۆمپانیاکە واژۆی کردوون، بەشێکی دانەبڕاون لە مۆڵەتەکە.

.jpg&w=3840&q=75)