رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان نرخی کوولەکە و پیاز بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە. لەبارەی هۆکارەکەیەوە بەرپرسێکی عەلوەی سلێمانی دەڵێت، لە نێوخۆ کەم بووە و هاوردەکردنیشیان قەدەخەیە.
لە عەلوەکان نرخی کیلۆیەک پیازی سپی بەکۆ بەرزبووەتەوە بۆ هەزار و 250 دینار و کیلۆی بە هەزار و 750 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان، لە کاتێکدا مانگێک لەمەوبەر نزیکەی 600 دینار بوو.
یەکێکی دیکە لەو سەوزانەی نرخی بەرزبووەتەوە کوولەکەیە، ئەمڕۆ کیلۆیەکی لە عەلوەکان بەکۆ نزیکەی هەزار دینارە و بە هەزار و 500 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان، لە کاتێکدا چەند مانگێک لەمەوبەر کیلۆی 250 بۆ 300 دینار بووە.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوولەکە و پیازی نێوخۆ بە تەواوی کەمبووە و بەرەو نەمان دەچێت و بەهۆیەوە نرخیان بەرزبووەتەوە".
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، ئێران هەناردەی پیازی راگرتووە و ئەوەش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
سەروەر عەلی گوتی، نرخی پەتاتە زیاتر لە مانگێکە بەرزبووەتەوە و بەکۆ کیلۆی دەگاتە هەزار و 200 دینار لە عەلوەکان. پەتاتە کیلۆی بە هەزار و 750 دینار دەگاتە دەستی خەڵک.
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی سەوزە و بەشێکی میوەکان لە هەرێمی کوردستان، تێچووی گواستنەوەیە کە بەرزبووەتەوە.
سەرەتای مانگی ئایار، کوولەکە لە هەرێمی کوردستان پێدەگات و ئەم ساڵ لەکاتی پێگەیشتنی کیلۆی 500 دینار بوو.



