رووداو دیجیتاڵ نەوتی سپی کە یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ماڵان بۆ وەرزی زستان، ئەمساڵ نرخەکەی کڕیار و فرۆشیارانی تووشی شۆک کردووە؛ لە هەرێمی کوردستان نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 390 هەزار دینار، لە کاتێکدا لە پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق زۆر کەمترە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەغدا تەنیا 18٪ـی پێداویستیی نەوتی هەرێمی کوردستان دابین دەکات. نەوت یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ماڵان لە وەرزی زستاندا، بەڵام ئەمساڵ رۆژ بە رۆژ بەرزبوونەوەی نرخەکەی، کڕیار و فرۆشیارانی تووشی شۆک کردووە. لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دوو جۆر نەوتی سپی کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، نرخەکانیشیان بەپێی باشی و خراپیی کوالێتییەکەیان جیاوازن. غەفوور سابیر و تەها نیعمەت کە فرۆشیاری نەوتن، لەگەڵ ئەرشەد شاکر، بازرگانی نەوت، ئاماژە بە جیاوازیی نرخەکان و خواستی هاووڵاتییان دەکەن بۆ کڕینی بەرهەمەکە. لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەرمیلێکی 220 لیتریی نەوتی سپیی ماڵان لە نێوان 370 بۆ 390 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت. نرخەکان لە پارێزگاکاندا بەم شێوەیە جیاوازن؛ لە هەڵەبجە بەرمیلێک نەوت بە 370 هەزار دینارە، لە هەولێر 375 هەزار دینار، لە سلێمانی 378 هەزار دینار و لە دهۆکیش بەرمیلێک بە 390 هەزار دینار دەفرۆشرێت. سەرحەت محەممەد، کە کڕیارێکی نەوتە، ناڕەزایەتیی خۆی لە بەرزیی نرخەکان دەردەبڕێت. بە بەراورد بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نرخی نەوت لە پارێزگای کەرکووک و ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر کەمترە؛ بە جۆرێک لە بەغدا بەرمیلێکی 220 لیتری بە 190 هەزار دینارە، لە موسڵ 200 هەزار دینار و لە کەرکووکیش بە 250 هەزار دینار دەفرۆشرێت. بیلال ئەسعەد، بازرگانی نەوت، هۆکاری ئەو جیاوازییە گەورەیەی نرخ رووندەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، بەڵام لەو رێژەیە بەغدا تەنیا 50 ملیۆن لیتر نەوت دەنێرێت، کە دەکاتە تەنیا 18٪ـی کۆی پێویستیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.