رووداو دیجیتاڵ
نەوتفرۆشان دەڵێن، بەراورد بە چەند رۆژێک لەمەوبەر نرخی بەرمیلێک نەوت لە سلێمانی 50 هەزار دینار و لە هەولێر نزیکەی 40 هەزار دینار دابەزیوە. گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر دەڵێت، پێشبینی دەکات نرخەکە زیاتر دابەزێت.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 17-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو جۆر نەوت هەن، یەکێکیان بەرمیلی بەکۆ 325 هەزار دینارە و بە 350 هەزار دینار دەگاتە ماڵان؛ کواڵیتیی ئەو نەوتەیە کە ساڵانە دابەش دەکرێت، هەروەها جۆرێکی دیکە هەیە بەرمیلی بەکۆ 360 هەزار دینارە و بە 375 هەزار دینار دەگاتە دەست هاووڵاتیان".
سەرەتای ئەم هەفتەیە نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە 400 هەزار دینار. سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی نرخەکەی، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر گوتی: "هۆکارەکەی ئەوەیە دەگوترێت نەوت بە نرخی حکومی دابەش دەکرێت؛ پێشبینی دەکەم کە دابەشکرا نرخی بەرمیلێک بۆ 300 هەزار دینار دابەزێت".
نرخی نەوت لە سلێمانی زیاتر دابەزیوە، عەلی فوئاد، نەوتفرۆش لە شارەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نەوتی زۆر باش ئەمڕۆ بەرمیلی دەدەینە 350 هەزار دینار، لە کاتێکدا دوو رۆژ پێشتر گەیشتە 400 هەزار دینار".
ئەو کاسبکارە لە سلێمانی گوتی: "هۆکارەکەی دابەشکردنی نەوتی حکومییە، خەڵکێکی زۆریش ئێستا نەوت ناکڕن و چاوەڕوانی دابەشکردنن، بۆیە خواستیش لەسەری کەمبووەتەوە".
بەگوێرەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ رووداو، دوێنێ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە پارە خراوەتە سەر هەژماری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق بۆ ئەوەی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن.
ئەمڕۆ سێشەممە 17-11-2026 بەرپرسێکی باڵای هەولێر بە رووداوی گوت: "هەموو رێکارەکان بۆ هاتنی نەوتەکە تەواو کراون و چاوەڕوان دەکرێت لە زووترین کاتدا نەوت لە عێراقەوە بگاتە هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان".
نرخی نەوتەکە بە هەمان نرخی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت، کە بۆ هەر لیترێک 250 دینار دیاریکراوە.



