رووداو دیجیتاڵ هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وڵاتانی رێکخراوی ئاپێک بۆ چین، خوانی خێزانە چینییەکانی دەوڵەمەند کردووە. قەبارەی ئەو هاوردەیە ساڵانە سەروو 100 ملیار دۆلارە و بەهۆی سفرکردنەوەی باجیشەوە، نرخی سەدان جۆر میوە و قاوە لە بازاڕەکانی چیندا بەشێوەیەکی بەرچاو هەرزان بوون. ئەو میوە کەمەرەییانەی هەزاران کیلۆمەتریان بڕیوە تاوەکو گەیشتوونەتە چین، لە رێگەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ 21 وڵاتەکەی ئەندام لە رێکخراوی ئاپێک، بوونەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان. نیوەی بەرهەمە کشتوکاڵییە هاوردەکراوەکانی چین لەو وڵاتانەوە دێت کە بەهاکەی سەروو 100 ملیار دۆلارە و لە 8 مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا بەڕێژەی 6.5٪ گەشەی کردووە، ئەمەش وایکردووە پێداویستییەکانی وەک قاوە و میوە بە بڕی زۆر و بە نرخی گونجاو دەستبکەون. لیو چانگ، کە خاوەنی سوپەرمارکێتێکە لە بەیژینگی پایتەخت، باس لە خواست و پێشوازیی خەڵک دەکات و دەڵێت: «میوەیەکی زۆری وڵاتانی ئاپێکمان هەیە، نرخەکانیان زۆر کەمە و خەڵک بەڕاستی حەزیان لێیەتی. لە داهاتوودا میوەی زیاتر دەهێنین». نهێنیی ئەو قاوە هەرزانەی ئێستا لەسەر شەقامەکانی چین دەفرۆشرێت، بۆ دەنکە قاوەی "رۆبوستا"ـی ڤێتنامی دەگەڕێتەوە کە وڵاتێکی ئەندامی ئاپێکە و هاوردەکردنی قاوەکەی لە 7 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 45٪ زیادیکردووە. لە بەیژینگ، شارەزایان بەڕوونی درک بە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەم هاوکارییە بازرگانییانە دەکەن لەسەر بژێویی خەڵک. لی ژانگ، ئابووریناس و شرۆڤەکاری بازاڕ لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: «بەهۆی سفربوونی باجەوە، نرخی گێلاسی چیلی لە 3 ساڵی رابردوودا 40٪ دابەزیوە. هەروەها کوپێک قاوەی ڤێتنامی تەنیا 9 یوانی تێدەچێت کە بۆ خەڵکی ئاسایی زۆر گونجاوە. بۆیە ئەم میوانە چیتر تەنیا بۆ جەژنەکان نین، بەڵکو لە ژیانی رۆژانەماندا دەتوانین بیانکڕین». بڕیارە لووتکەی ئاپێکی 2026، رۆژانی 18 و 19ـی ئەم مانگە بە دروشمی "هاوکاری، داهێنان و کرانەوە" لە شاری شێنزەن بەڕێوەبچێت؛ هاوبەشییەک کە کاریگەریی راستەقینەی خستووەتە سەر بژێویی هاووڵاتییان و بازاڕی چینی زیاتر بەڕووی جیهاندا کردووەتەوە.
ئابووری17-11-2026بە مەبەستی کۆبوونەوەیەکی ئابووری؛ ترەمپ بەرەو ئاسیا بەڕێکەوت و دیموکراتەکانیش نیگەرانن