رووداو دیجیتاڵ
هاوتەریب لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی نرخی ئۆنسەی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش نرخی مسقاڵێک 25 هەزار دینار دابەزی.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ نرخی زێڕ بۆ هەر مسقاڵێک 25 هەزار دینار دابەزی؛ لە کاتێکدا دوێنێ مسقاڵێک زێڕ بە 947 هەزار بۆ 950 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا، ئەمڕۆ نرخەکەی بۆ 925 هەزار دینار دابەزیوە".
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە رۆژی چوارشەممەدا، نرخی زێڕ 0.8% دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە سێ هەزار و 790 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا؛ بەوەش نرخی زێڕ درێژەی بە دابەزینەکانی دا و گەیشتە کەمتر لە سێ هەزار و 800 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، کە نزیکە لە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 14 مانگی رابردوودا.
دابەزینی نرخی ئەو کانزا زەردە دوای ئەوە دێت بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ یەدەگ) ئاماژەیان بە ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی کرد بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان.
ئەلبێرتۆ موسالیم، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی سانت لویس رایگەیاند، کە پێدەچێت ئابووریی ئەمریکا پێش وەرزی بەهاری ساڵی داهاتوو، پێویستی بە چەندین جار بەرزکردنەوەی دیکەی رێژەی سوودی بانکی هەبێت؛ هاوکات جۆن ویلیامز، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی نیویۆرک ئاماژەی بەوە کرد کە داڕێژەرانی سیاسەتی نەختی هێشتا کاری زۆریان لەپێشە بۆ گەڕاندنەوەی هەڵاوسان بۆ ئاستی دیاریکراوی 2%.
زێڕ لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، زیاتر لە 25٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە، لەبەر ئەوەی شەڕەکە نرخی وزە و هەڵاوسانی بەرزکردووەتەوەو و بانکە ناوەندییەکانی ناچار بە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی کرد. ئێستا بازاڕەکان پێشبینیی بەرزکردنەوەی 0.25٪ لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەم دەکەن، کە بەرزکردنەوەیەکی دیکەش لە نیساندا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
