رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر جارێکی دیکە نرخی لیترێک بەنزین زیاتر لە 200 دینار بەرزبووەوە. گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، نرخی بەنزین لای ئەوان نەگۆڕاوە.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ زیاتر لە 200 دینار بەرزبووەتەوە، بەکۆ لیتری بەنزینی نۆرماڵی کۆمپانیای کار هەزار و 450 دینارە و بەنزینی پاڵاوگەی بازیان بە هەزار و 350 دینارە".
ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکانی هەولێر نرخی لیترێک بەنزین بۆ هەزار و 450 دینار بەرزبووەوە، لە کاتێکدا نزیکەی مانگێکە لیتری بە هەزار و 250 دینار بوو.
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی نۆرماڵ، سەرباز کەریم گوتی: "دۆخی عێراق و ئەگەری شەڕی نێوخۆ لە عێراق هۆکارە کە خەڵک شڵەژاوە و هەمووی داوای بەنزین دەکات و خواستێکی زۆری لەسەر دروست بووە، جگە لەوە هیچی دیکە نییە و ئەگەر شەممە وەکو بانگەشەی بۆ دەکرێت شەڕ رووبدات دۆخەکە جیاوازە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە ئاسایی بێت هەمان رۆژ نرخەکە دادەبەزێتەوە، چونکە بەنزین زۆرە و هیچ کێشەیەک لە بڕەکەیدا نییە".
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لای ئێمە بەنزین جێگیرە و ئێستاش لیتری بە هەزار و 150 دینارە و دۆخەکە ئاساییە".
لە هەڵەبجە نرخی بەنزین هاوشێوەی سلێمانییە، هەروەها سەرچاوەی بەنزینی دهۆک پارێزگای هەولێرە و نرخیان لە یەکەوە نزیکە.
.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

