رووداو دیجیتاڵ
دوایین رەشنووسی بودجەی 2027ی عێراق دەریدەخات، مادەی 10ی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەستکاری کراوە، بەڵام دەستکارییەکە لە قازانجی هەرێمی کوردستاندا نییە.
بەپێی بەراوردکارییەک، لە نێوان رەشنووسی یەکەمی بودجە و دوایین رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ 2027 کە گەیشتووەتە دەست وەزیرەکانی حکومەتی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بە 12.7%ـی خەرجیی راستەقینە ماوەتەوە دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان، بەڵام مەرج و پابەندییەکان لە رەشنووسە نوێیەکەدا قورستر کراون.
لە رەشنووسە نوێیەکەدا، ژمارەی مادەکان لە 31 مادەوە (رەشنووسی یەکەم) بۆ 29 مادە (دوایین رەشنووس) کەمکراونەتەوە؛ هەندێک مادە تێکەڵ کراون و لە بەرامبەریشدا چەندین بڕگە و سندووقی نوێ زیاد کراون.
گرنگترین گۆڕانکاری لە مادەی 10ی دوایین رەشنووس لە بڕی نەوتی رۆژانە دایە؛ لە رەشنووسی یەکەمدا هەرێمی کوردستان پابەند کرابوو رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهان بنێرێت، بەڵام لە رەشنووسە نوێیەکەدا ئەو بڕە بۆ 445 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد کراوە، واتە 45 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاتر.
لە دۆسیەی شایستە و قەرزەکانیشدا گۆڕانکاریی هونەری و کاتی کراوە. لە رەشنووسی یەکەمدا شایستە داراییەکانی ساڵانی 2004 تاوەکو 2026 بە 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینار بۆ ماوەی 3 ساڵ دیاریکرابوون، بەڵام لە نوێیەکەدا کەمکراوەتەوە بۆ 9 تریلیۆن و 329 ملیار دینار و ماوەکەش بووەتە 7 ساڵ.
ئەو 3 تریلیۆن و 446 ملیار دینارەی کەمکراوەتەوە، خراوەتە سەر بڕگەی قەرزەکانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کە لە رەشنووسی یەکەمدا ژمارەی لەسەر نەبوو، واتە کۆی گشتیی شایستە و قەرزەکان هەر 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینار ماوەتەوە و ماوەی دانەوەی قەرزی بانکەکەش لە 3 ساڵەوە کراوەتە 7 ساڵ.
سەبارەت بە نەوتی ناوخۆ، داهاتی نانەوتی، بڕینی بەهای گازی زیادە و قەدەخەکردنی گرێبەستی نەوت و گاز بەبێ وەزارەتی نەوتی عێراق، دەقەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. بەڵام لە کۆتایی مادەکەدا، مەرجی ناردنی پارەی مانگانە گۆڕدراوە؛ لە جیاتی بەستنەوەی بە گازی زیادە و گرێبەستەکان، راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی نەوت، داهاتی نانەوتی و دانەوەی قەرزی TBI.
تۆڕی میدیایی رووداو دەستی بە هەردوو رەشنووسی یەکەم و دوایین رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2027ـی عێراق گەیشتووە و جیاوازییە گەورەکانی نێوانیان ئاشکرا دەکات.
لە رووی ژمارە گشتییەکانەوە، داهاتی عێراق 853 ملیار دینار زیادی کردووە و گەیشتووەتە 175 تریلیۆن و 86 ملیار دینار، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتی فرۆشراو بە پاڵاوگەکان، لە کاتێکدا داهاتی نانەوتی 1 تریلیۆن دینار کەمکراوەتەوە.
لە خەرجییەکانیشدا، کۆی گشتی بووەتە 217 تریلیۆن و 248 ملیار دینار؛ تەرخانکراوی مووچە نزیکەی 900 ملیار دینار و خەرجیی وەبەرهێنان 500 ملیار دینار زیادیکردووە، بەڵام خزمەتگوزاریی قەرز 1 تریلیۆن و 200 ملیار دینار و چاودێریی کۆمەڵایەتی 500 ملیار دینار کەمکراونەتەوە. بەوەش کورتهێنانی بودجە بۆ 42 تریلیۆن و 161 ملیار دینار دابەزیوە.
لە ئاستی دامەزراندندا، لە رەشنووسە نوێیەکەدا بڕگەی بەستنی 120 هەزار گرێبەستی نوێ زیاد کراوە (50 هەزار بۆ ناوخۆ، بەرگری و دژەتیرۆر و 70 هەزاری مەدەنی بەپێی دانیشتووان بۆ هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان)، لەگەڵ بەهەمیشەییکردنی کرێکارانی رۆژانەی سەرووی 3 ساڵ خزمەت و گەڕاندنەوەی بەرپرسە سیاسی و کارگێڕییەکان بۆ سەر کارەکانی پێشوویان.
لە مادەکانی دیکەدا، سنووری یەدەگی فریاکەوتن لە 3 ملیارەوە بۆ 5 ملیار دینار بەرزکراوەتەوە، هەروەها بڕگەیەکی نوێ زیاد کراوە بۆ راگرتنی پارەی هەر وەزارەت، پارێزگا یان هەرێمی کوردستان، ئەگەر داهاتە فیدراڵییەکان رادەست نەکەن.
هاوکات 2 سندووق و وەزارەتێکی نوێ زیاد کراون: سندووقی نەوەکان بە سەرمایەی 500 ملیار دینار و سەپاندنی باجی 0.001% بەسەر 17 بواردا (لە قازانجی کۆمپانیاکان، زانکۆ و نەخۆشخانە ئەهلییەکان، پەیوەندییەکان، سووتەمەنی و 1%ـی داهاتی سەندیکاکان)، لەگەڵ سندووقی چەکدارکردن، کە 0.5%ـی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و 5%ـی داهاتی سندووقی نەوەکانی بۆ دەبڕدرێت.
لە گۆڕانکارییەکانی دیکەشدا، 500 ملیار دینار بۆ شەقامی بازنەیی چوارەمی بەغدا، 3%ـی سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ وەزارەتی کار و پێکهێنانی وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی و حوکمڕانی زیاد کراون، لە کاتێکدا وشەکانی "گەنم و دەرمان" لە مادەی 27 لابراون.
.webp&w=3840&q=75)

