رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە لە مامەڵەکانی ئاسیادا نرخی زێڕ بەرزبووەوە و تاڕادەیەک لە نزمترین ئاستی 14 مانگی رابردووی خۆی، دوورکەوتەوە. شەپۆلی فرۆشتنی پشکەکانی کەرتی تەکنەلۆجیا خواستی لەسەر پەناگە ئارامەکان زیادکرد، هاوکات وەبەرهێنەران هەڵسەنگاندن بۆ ئاسۆی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا دەکەن.
ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بە رێژەی 1.5% بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 3600 دۆلار. ئەم بەرزبوونەوەیە دوای زیانێکی بەرچاوی زێڕ دێت لە هەفتەی رابردوو، کە بەهۆی بەهێزبوونی بەهای دۆلاری ئەمریکی و پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە روویدا.
زێڕ رۆژی هەینی خۆی لە 3500 دۆلاردا کە کەمترین ئاستە لەدوای مانگی ئەیلوولی 2025ـەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە، نیگەرانییەکان لەسەر بەردەوامیی وەبەرهێنانەکانی پەیوەست بە ژیریی دەستکرد، بوونە هۆی شەپۆلێکی فراوانتری فرۆشتن لە بازاڕی پشکەکانی جیهاندا. تاوەکو رۆژی هەینی، پێوەری ستاندەرد ئەند پوورز 500 (S&P 500) بۆ حەوتەم دانیشتنی لەسەریەک دابەزی و چووە قۆناخی راستکردنەوەی نرخ، لە کاتێکدا پێوەری ناسداکیش دەستکەوتەکانی ئەمساڵی بە تەواوی لەدەستدا.
پشکەکانی تەکنەلۆجیا لە سەرەتای ئەمڕۆ دووشەممەدا پێشەنگی دابەزینەکان بوون لە بازاڕەکانی ئاسیادا و درێژەیان بە شەپۆلی دابەزینی جیهانی دا. پشکەکانی نیمچەگەیەنەرەکان (چیپ) لە گەورەترین زیانمەندەکان بوون، کە ئەمەش گوشاری خستەسەر پێوەرە سەرەکییەکانی پشکی ناوچەکە و هانی وەبەرهێنەرانی دا پەنا بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لە سەروەت و سامانە نەریتییە سەلامەتەکاندا بەرن.
سوودی قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکاش پاشەکشەی کردووە. وەبەرهێنەران روویان لە کڕینی قەوالە داراییەکانی حکومەت کردووە. سوودی قەواڵە داراییە 10 ساڵییەکانی گەنجینە بۆ کەمتر لە 5% دابەزی، لە کاتێکدا قەواڵە دوو ساڵییەکان گەورەترین دابەزینی هەفتانەی خۆیان لە دوای مانگی ئەیلوولی 2024ـەوە تۆمارکرد.
دابەزینی سوودی قەواڵەکان، پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکات.
سەرەڕای ئەوەش، ئەم بەرزبوونەوەیە لەژێر هەڕەشەی پێشبینییەکانە بۆ تووندکردنەوەی زیاتری سیاسەتی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە. بەپێی ئامرازی (فێدواچ)ی سەر بە دامەزراوەی (CME)، ئێستا بازاڕەکان بە ئەگەری 92% پێشبینیی بەرزکردنەوەی سوود بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمی بانکەکە دەکەن.
کۆنووسی کۆبوونەوەی 27 و 28ـی تشرینی یەکەمی بانکی ناوەندی دەریخست کە نزیکەی سەرجەم داڕێژەرانی سیاسەتی نەختی پێشبینیی بەرزکردنەوەی سوودیان بە بڕی چارەکە خاڵێک لە کانوونی یەکەمدا کردووە، هاوکات هەندێک لە بەرپرسانیش پشتیوانییان لە هەنگاوێکی گەورەتر کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان.
هەفتەی رابردوو زێڕ نزیکەی 8%ـی بەهاکەی لەدەستدا، کە تووندترین دابەزینی هەفتانەی لە دوای مانگی ئادارەوە.
ئێستا وەبەرهێنەران سەرنج دەخەنە سەر ئامارە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی پێوەری نرخی خەرجییەکانی بەکاربردنی کەسی (PCE) کە پێوەری دڵخوازی بانکی ناوەندییە بۆ پێوانەکردنی هەڵاوسان، بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر لەبارەی ئاراستەی داهاتووی سیاسەتی نەختی ئەو بانکە.



