رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت 43 سەنت یان بە رێژەی 0.5% دابەزی بۆ 90.97 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 47 سەنت یان بە رێژەی 0.6% دابەزی بۆ 81.58 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمەش لەدوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە هەردوو نرخی نەوتی برێنت و تەکساس زیاتر لە 2% بەرزبوونەوە.
تسویۆشی ئوینۆ، گەورە ئابووریناس لە پەیمانگەی توێژینەوەی NLI لەو بارەیەوە دەڵێت، "لەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) لەم مانگەدا، پێشبینییەکان بۆ هەبوونی نەوتی زیادە لە ئاستی جیهاندا رێگرییان لە بەرزبوونەوەی نرخەکان کردووە."
ئەو ئابووریناسە دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەش، هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە نزیک تەنگەی هورمز و ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان سعودیە و حووسییەکان، نادڵنیاییان لەبارەی بەردەوامیی ئەم رێڕەوە دروستکردووە."
ئوینۆ ئاماژەی بەوەش کرد، سەرنجەکان لەسەر ئەوەش چڕکراونەتەوە کە پشکەکانی بەرهەمهێنانی ساڵی داهاتوو لە کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس چۆن دیاری دەکرێن. بڕیارە وەزیرانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رۆژی 29ی ئەم مانگە زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدەن بۆ بڕیاردان لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانیان بۆ ساڵی 2027.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە 13ی تشرینی دووەم رایگەیاند، بازاڕی نەوتی جیهانی لە چارەکی چوارەمدا دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی نەوتی زیادە، چونکە هەناردەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خێراتر لە خواستی جیهانیی نەوت رووی لە چاکبوونەوەیە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی دامەزراوەی نیشتمانیی نەوتی لیبیا رۆژی دووشەممە بە رۆیتەرزی راگەیاند، هێڵی بۆریی کێڵگەی شەرارە کراوەتەوە دوای ئەوەی لەلایەن گرووپێکی نایاساییەوە داخرابوو.
هاوکات چوار سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایان کردووە، عێراق گوشار دەخاتە سەر هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بۆ ئەوەی خەمڵاندنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە بەرزبکاتەوە، ئەمەش گرژییەکانی لەسەر پێداچوونەوەیەک زیاتر کردووە کە یارمەتیدەر دەبێت لە دیاریکردنی قەبارەی بەرهەمهێنانی ئەندامان بۆ ساڵی داهاتوو.
بەپێی داتاکانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و سەرچاوەکانی پیشەسازیی نەوت، هاوردەکردنی نەوتی رووسیا لەلایەن چین و هیندستانەوە لەمساڵدا بەرەو ریکۆردێکی مێژوویی دەڕوات، بەوەش ئەو کەلێنەی خستنەڕووی نەوت پڕدەکەنەوە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە.
لە هەمان کاتدا، میدیای فەرمیی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، کەشتییەکی بارهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی بە رێڕەوێکی رێگەنەدراودا لە نزیک تەنگەی هورمز کراوەتە ئامانج. رۆژی سێشەممەش دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، سێ کەشتی لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووەکەدا بەرەو رۆژهەڵات، بە کەرەستەی تەقەمەنیی نادیار پێکراون.



