رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ جێگیر بوو دوای ئەوەی لە رۆژی رابردوودا زیاتر لە 2% دابەزی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چاوەڕوانیی وەبەرهێنەران بۆ بڵاوبوونەوەی داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا لە کۆتایی رۆژەکەدا بە مەبەستی وەرگرتنی ئاماژە لەبارەی ئاراستەی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی بۆ نزیکەی 3534 دۆلار، بەڵام دوای چەند کاژێرێک دووبارە گەڕایەوە نزیکەی 3550 دۆلار و بەوپێیەش نرخی زێر ئێستا نزیکە لە نرخی داخستنی بازاڕ لە رۆژی سێشەممە.
سۆنی کەماری، شیکارکار لە بانکی ANZ دەڵێت، "دابەزینەکانی ئەم دواییە بە پلەی یەکەم بەهۆی شەپۆلی فرۆشتن لە بازاڕی پشکەکاندا بوو، لەبەر ئەوەی وەبەرهێنەران پێویستیان بە پارەی کاش بوو بۆ داپۆشینی زیان و داواکارییەکانی گرێبەستە داراییەکانیان. تاوەکو ئێستاش بازاڕەکان لە قۆناخی سەقامگیربوون و خۆکۆکردنەوەدا دەمێننەوە تاوەکو ئاماژەی زیاتر دەردەکەون."
ئەمرۆ بەهای پشکەکانی ئاسیا دابەزین بەهۆی ئەوەی هەڕەشە نوێکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باجی گومرگی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر متمانەی بازاڕ دروستکرد و بووژانەوەکەی کەرتی تەکنەلۆجیاش دامرکایەوە.
بڕیارە لە کاژێر 4:30 ـی دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ، پێوەری نرخی خەرجییەکانی بەکاربردنی کەسی لە ئەمریکا (PCE) بڵاوبکرێتەوە، کە پێوەرێکی سەرەکییە و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە وردی چاودێری دەکرێت بۆ هێنانەخوارەوەی هەڵاوسان بۆ ئاستی ئامانجکراوی 2%.
بەپێی ئامرازی (فێدواچ)ی سەر بە دامەزراوەی (CME)، ئێستا بازاڕەکان بە ئەگەری 96.4% پێشبینیی بەرزکردنەوەی رێژەی سوود بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی یەکەمی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکەن، و ئەگەری بەرزکردنەوەی بە بڕی 0.50٪ یش بە 3.6% دادەنێن. بەرزبوونەوەی رێژەی سوودی بانکی زیان لە نرخی زێڕ دەدات.
شارەزیانی بانکی OCBC لە یاداشتێکدا رایانگەیاندووە، "پێشبینی دەکەین لە کۆتاییدا گوشاری دابەزینی نرخی زێڕ پێچەوانە بێتەوە، هەرچەندە رەنگە بووژانەوەکەی تاوەکو سەرەتای ساڵی 2027 هێمن بمێنێتەوە پێش ئەوەی هێز و گڕوتینی زیاتر وەربگرێت."



