رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی پارێزگاری ورمێ، پرۆسەی هەناردەکردنی 160 هەزار تۆن سێوی پارێزگاکە بۆ پاکستان دەستیپێکرد و یەکەمین کاروانیش بە ئامانجی گەیاندنی بە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێکرا. پارێزگاری ورمێش دەڵێت، بۆ یەکەمجار حکومەتی عێراق رێگەی بە هاوردەکردنی سێو داوە و هەناردەکردنیش لە رێگەی تورکیاوە سێ هێندە زیادیکردووە.
بەپێی رێککەوتنی نێوان بازرگانانی هەردوولا، بڕیارە 160 هەزار تۆن سێوی سووری پارێزگای ورمێ، کە دەکاتە نزیکەی هەشت هەزار کۆنتێنەر، هەناردەی پاکستان بکرێت. ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێکی نوێ بۆ کردنەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە دادەنرێت.
رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ، ئێوارەی رۆژی شەممە لەکاتی بەڕێکردنی یەکەم کاروانی سێوەکەدا رایگەیاند، بەرهەمی کشتوکاڵیی ئەم ساڵ، بەتایبەتی سێو، بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە، بەڵام بەهۆی هەندێک ئاستەنگی هەناردەکردنەوە، باخداران لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیاندا تووشی کێشە بوون.
پارێزگاری ورمێ ئاماژەی بە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە کرد و گوتی: "لەگەڵ پەرلەمان و وەزارەتی کشتوکاڵ بەدواداچوونمان کردووە و چەندین بازاڕی نوێمان دۆزیوەتەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی ناوەندیی عێراق رێگەی بە هاوردەکردنی سێوی پارێزگای ورمێ داوە و هەندێک وڵاتی رۆژهەڵاتی ئاسیاش ئامادەییان بۆ کڕینی سێوی ورمێ نیشانداوە."
سەبارەت بە دۆخی هەناردەکردن لە رێڕەوەکانی دیکەوە، رەحمانی روونیکردەوە کە رووسیا و وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست بازاڕی گرنگی بەرهەمەکانیانن و هەناردەکردن لە رێگەی تورکیاشەوە سێ هێندە بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش دەروازەیەکی گونجاوە بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی ئەورووپا. هاوکات بەرزیی تێچووی گواستنەوە و دووریی رێگەکانی وەک سەرەکیترین ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی سێوی پارێزگاکە ناوبرد.
هەر لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵدا، بە ئامادەبوونی پارێزگاری ورمێ، ساردخانەیەکی نوێ لەسەر رێگەی باڵانیش - ورمێ کرایەوە. پرۆژەکە بە تێچووی 220 ملیار تمەن و لە ماوەی سێ مانگدا دروستکراوە، توانای هەڵگرتنی دوو هەزار تۆن بەرهەمی هەیە لە ساڵێکدا و دەرفەتی کاری راستەوخۆ بۆ 25 کەس و ناڕاستەوخۆ بۆ 50 کەس دەڕەخسێنێت. بڕیاریشە بەرهەمەکانی ئەم ساردخانەیە هەناردەی عێراق، ئۆزبەکستان و وڵاتانی کەنداو بکرێن.
پارێزگای ورمێ وەک جەمسەر و ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی سێوە لەسەر ئاستی هەموو ئێراندا و نزیکەی 30%ـی سێوی تەواوی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەو پارێزگایەدا بەرهەمدێت. بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە، ئەم ساڵ بەرهەمەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن، بەڵام سەرەڕای زۆریی بەرهەم، بەهۆی کەمیی نرخی سێو و بێبازاڕییەوە، باخداران رووبەڕووی کێشەی ساخکردنەوە بوونەتەوە.




