رووداو - تەندروستی
ئێستا نەرویج کێشەی ئەوەی هەیە کە لە نەخۆشخانەکان ماوەی بینینی نەخۆش زۆر درێژە و دەگاتە زیاتر لە پێنج مانگ، حکومەتی وڵاتەکە رێگە چارەسەرەیەکی پێشنیاز کردووە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، حکومەت پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی نوێکراوەی بە ناوی (هەڵبژاردنی نەخۆشخانەکەم) دەخاتەگەڕ، کە بۆ زۆرترین نەخۆش دیزاین کراوە. سیستمەکە رێگە بە نەخۆشەکان دەدات بە ئاسانی ئەو نەخۆشخانانە هەڵبژێرن کە کەمترین لیستی چاوەڕوانییان هەیە، وردەکاریی وردی کاتی سەردانەکانیان لە یەکەم پەیوەندیدا وەربگرن و بە شێوەی ئۆنڵاین کاتەکانیان رێک بخەنەوە بەبێ ئەوەی پێویستییان بە پەیوەندیکردن بە نەخۆشخانەکەوە هەبێت.
جۆناس گار ستۆرە، سەرۆکوەزیرانی نەرویج دەڵێت: بەهۆی ئەو بەئۆنڵاینکردنەی نۆرەگرتنەوە ماوەی چاوەڕوانیکردنمان کردووەتە 60 رۆژ لە بری پێنج مانگ.
ئەو هۆکارانەی کە وایانکردووە ماوەی چاوەڕوانیکردن لە نەخۆشخانەکانی نەرویج زۆرە
- لەو وڵاتە ماوەی چاوەڕوانیکردن لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە پزیشکێکی گشتی نەخۆشێک رەوانەی پزیشکێکی پسپۆڕ دەکات.
- نەرویج یەکێکە لەو وڵاتانەی ژمارەیەکی زۆر لە بەساڵاچووانی تێدایە کە پێویستییان بە خزمەتگوزاریی تەندروستیی ئاڵۆز و زیاتر هەیە.
- وڵاتەکە بەدەست کەمیی کارمەند و ستافەوە دەناڵێنێت و پێشبینی دەکرێت؛ تاوەکو 10 ساڵی دیکە زیاتر لە 40 هەزار کارمەندی کەم بێت.
- لە نەرویج ئەوانەی حاڵەتە کتوپڕەکانی شێرپەنجە و جەڵتە و فریاکەوتنیان هەیە، دەستبەجێ چارەسەر وەردەگرن، بەڵام ئەگەر یەکێک بیەوێت نەشتەرگەرییەکی ناکتوپڕ بکات، زۆرجار دوادەخرێت، کە ئەمەش دەشێت بە پێچەوانەوە قەرەباڵخی دروستبکات.
- تائێستاش وڵاتەکە لەژێر کاریگەریی نەرێنیی پەتای کۆڤید-19ـدایە و هێشتا نەهاتووەتەوە سەر رێچکەی پێش پەتاکە.



